سەردێر

مێدیای ئەمریكایی: لە 2021 چوار چالاكوان و سەركردەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان كوژراون

رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ وردەكاری كوژرانی چالاكێكی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەولێربڵاو دەكەنەوە

خەڵك

ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی كوردستان و ڕێكخراوی هەنگاو ڕایانگەیاندووە كە چەند ڕۆژ پێش ئێستا تەرمی چالاكوانێكی سیاسی كورد بە ناوی ئەحمەد بێ خەم كە هاووڵاتی سەردەشت و دانیشتووی شاری هەولێر بووە، لە ماڵەكەی خۆیدا دۆزراوەتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئاسەواری ئەشكەنجە لەسەر جەستەی ناوبراو بینراوە.

سەرچاوەیەكی نزیك لە ئەحمەد، بە بەشی فارسی دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاندووە كە تەمەنی ئەحمەد لە نێوان 35 بۆ 40ساڵ بووە.

بەپێی قسەی سەرچاوەكە، ئەحمەد لە هەولێر كرێكاری كردووە و هەفتەی ڕابردوو دوای ئەوەی لەسەر كارەكەی ئامادە نەبووە، خاوەنكارەكەی پێوەندی پێوە دەكات، بەڵام وەڵامی نابێت و هەر بۆیەش ناسیاوەكانی سەردانی ماڵەكەیان كردووە بۆ ئەوەی هەواڵێكی بزانن، بەڵام تەرمی ناوبراویان لە ماڵەكەی خۆیدا دۆزیەوە.

ڕێكخراوی هەنگاو دەڵێت پۆلیسی هەرێمی كوردستان هەتاكو ئێستا هیچ لێدوانێكی فەرمی لەو بارەیەوە ڕانەگەیاندووە.

ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤی كوردستانیش لە زاری سەرچاوەیەكی نزیك لە ئەحمەدەوە ڕایگەیاندووە كە “دوای ئاگاداركردنەوەی پۆلیسی هەولێر، تەرمی ئەحمەد بێ خەم بۆ توێكاری براوەتە سەنتەری پزیشكی دادوەری و ڕۆژی دواتریش تەرمەكەی بۆ بە خاكسپاردن ڕادەستی كەسوكارەكەی كراوەتەوە لە پشدەر.”

سەرچاوەكە دەشڵێت ” بڕیارە پزیشكی دادوەری لەماوەی 20 ڕۆژی داهاتوودا، هۆكاری گیان لەدەستدانی ئەحمەد ڕابگەیەنێت.”

دەڵێت “لەو وێنانەدا كە لەلایەن كەسوكاری ئەحمەدەوە لەكاتی شوردنی تەرمەكەیدا گیراون و بڵاوكراونەتەوە، نیشانەكانی ئەشكەنجەدان لەسەر جەستەی بینراوە.”

تۆڕی مرۆڤی كوردستان دەڵێت ئەحمەد ماوەیەك لەمەوبەر بە هاوڕێیەكی گوتوە كە ئۆتۆمبێلیی گوماناوی چاودێری دەكات.

هاوڕێكەی ئەحمەد بەو ڕێكخراوەی ڕاگەیاندووە كە “ئەحمەد بە منی گوت ئۆتۆمبێلیی گوماناوی بە ڕەنگی سپی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە دوای تەواوبوونی كارەكەم و لە ڕێگای گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە چاودێریم دەكات.”

ڕێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ دەڵێن ئەحمەد بێ خەم لە ساڵی 2003 لە ئێران بە تۆمەتی بەشداریكردن لە گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی دەستگیركرا و سزا درا بە نزیكەی پێنج ساڵ زیندانیكردن، ناوبراو ماوەی سزاكەی لە زیندانەكانی سەردەشت و مەهاباددا بەسەربردووە.

ئەحمەد١٠ ساڵ پێش ئێستا بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ناچار بووە كوردستانی ئێران بەجێ بهێڵێت و وەكوو پەنابەرێكی سیاسی ڕووی كردووەتە كوردستانی عێراق و لە هەولێر نیشتەجێ بووە.

ئەحمەد ساڵی 2014 لە كاتی شەڕی كۆبانێدا بۆ ماوەی ساڵێك ڕۆیشتووەتە ناو ڕێزەكانی یەپەگە لە سوریا و دوای برینداربوونی لە شەڕەكەدا گەڕاوەتەوە هەولێر و لە دوای چاكبوونەوەی بووە بە كرێكارێكی بیناسازی لەو شارەدا.

بە پێی رێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ لە ماوەی ساڵی 2021 دا، بە لایەنی كەمەوە 4 چالاكوانی سیاسی و ئەندامەكانی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بە ناوەكانی مەهدی ڕەزایی، ئاكۆ فەتحی، بێهرووز ڕەحیمی و موسا باباخانی لە هەرێمی كوردستانی عێراق لەلایەن كەسانی سەر بە كۆماری ئیسلامییەوە كوژراون.
سەرچاوە/voa