سەردێر

فێستیڤاڵی زستانەی بەرهەمی كوردەواری لە سلێمانی دەكرێتەوە

خەڵك-
سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكانی بەرهەمە ناوخۆییەكان لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، كە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا فێستیڤاڵی بەرهەمە ناوخۆییەكانی زستانە لە كارگەی جگەرەكە دەكەنەوە و داواشدەكات، “هەركەس ئارەزوومەندە پەیوەندییان پێوەبكات”.

ساكار حەمەكەریم، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكانی بەرهەمە ناوخۆییەكان لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ناو هۆڵی كارگەی جگەرەی سلێمانی لەمانگی (یەك)دا فێستیڤاڵی زستانە ساز دەكەین بۆ ناساندن و ساغ كردنەوە و بەبازاڕكردنی بەرهەم و كاڵا ناوخۆییەكان.

ڕاشیگەیاند، جیاواز لە زستانی پێشوو بە كۆمەڵێك بەرهەم و خاوەن بڕاندی جیاواز لە ناو كارگەی جگەرەی سلێمانی پێشوازیتان لێ ئەكەین بە فیستیڤاڵی زستانە ,هەموو ئەوانەی خاوەنی بەرهەمی ناوخۆیین یاخود هەر كاڵایەكیان هەیە دەتوانن بەشداری بكەن لە فێستیڤاڵەكەدا و شوێنیان بۆ تەرخان دەكرێت بۆ نمایشكردنی بەرهەمەكانیان.

ئاشكراشی كرد، فێستیڤاڵەكە لە 26-1-2022 دەستپێدەكات و بۆ ماوەی 7 ڕۆژ بەردەوام دەبێت تا 1-2-2022، هەروەها ڕۆژانە لە 2ی دوانیوەڕۆ دەكرێتەوە تاوەكو 10ی شەو.

ساكار حەمەكەریم، كە خۆی دەرچووی كۆلێژی كشتوكاڵییە و خاوەنی پڕۆژەی بەخێوكردنی هەنگ و بەرهەمهێنانی هەنگوینە وتیشی، “هەر كەسێك ئارەزوی بەشداری كردنی هەیە پەیوەندیمان پێوە بكات بە مەبەستی كارئاسانی و هەماهەنگی بۆ فێستیڤاڵەكە”.

ژمارە تەلەفۆنی سەرپەرشتیارانی ڤیستیڤاڵەكە:
-ئامانج كەریم/ 07719470452
-ساكار حەمەكەریم/ 07701823550