سەردێر

گۆڕان هەڵوێستی لەسەر چوونی یەكێتی و پارتی بۆ بەغدا ڕاگەیاند

خەڵك-ئارام سەردار
لەبارەی بڕیاری پارتی و یەكێتی بۆ چوونە بەغداد، هەڵسوڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، هەر ڕێككەوتنێك لەچوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی بێت ئێمە پێشوازی لێ دەكەین، بەڵام باشتربوو بەرەیەكی هاوبەش لەسەرجەم هێز و لایەنەكان پێكهاتبا.

دلێر حوسێن، هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەر ڕێككەوتنێك ئەگەر لەچوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی بێت، ئێمە پێشوازی لێ دەكەین، بەڵام لەهەرێمی كوردستان كۆمەڵێك هێز و لایەنی سیاسی هەن، هەرچەندە ڕاستە جومگە سەرەكیەكانی دەسەڵات بەدەست پارتی و یەكێتی هەیە، بەڵام ئەوانیش كورسی پەڕلەمانیان هەیە.

دەشڵێت: “ئەگەر بۆ بەغداد باس لەمافی كورد و تەواوی هەرێم دەكرێت، دەكرێت بەرەیەكی هاوبەش پێكبهێنرێت وتەنها پارتی و یەكێتی نەبن، پێویستە هەماهەنگی تەواو هەبێت لەناو هێز و لایەنەكان بۆ بەرژەوەندی گشتی، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندی حزبی بێت دابەشكاری پۆستەكان دێتە پێشەوە”.

ئەوەش دەخاتەڕوو، هەر ڕێككەوتنێك لەچوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی بێت ئێمە پێشوازی لێ دەكەین، هەموو كوردیش بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بەرەیەكی هاوبەش پێكبێنن، چونكە بەرژەوەندی كورد و پاراستنی ماف و دەستكەوتەكان لە یەكدەنگی و یەكڕیزیدایە.