سەردێر

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی شاندی هاوبەشی یەكێتی و پارتی لەگەڵ لایەنێكی عیراقی ئاشكرا كرا

خەڵك
شاندی هاوبەشی یەكێتی و پارتی ئەمڕۆ گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ شاندێكی باڵای دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر كۆبوونەوە، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی كۆبوونەوەكە بە ئەرێنی وەسف دەكات.

ئەمڕۆ هەینی، شاندی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەسەرۆكایەتی عیماد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، گەیشتنە بەغدا بەمەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عیراق.

 

شاندە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتی، لەگەڵ شاندێكی باڵای دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر كۆبوونەوە، لەدوای كۆبوونەوەكەش، هۆشیار زێباری، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كۆبوونەوەیەكی دۆستانەمان ئەنجامداو گفتوگۆمان لەبارەی شایستەكانی دوای هەڵبژاردن كرد.

 

وتیشی:” پێویستە لەسەر هەموو لایەنە سیاسییەكان، سوود لە یەكەمین دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وەربگرن”.

 

ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە ڕۆژی یەكشممەی داهاتوو 9ی ئەم مانگە، یەكەم دانیشتنی خولی نوێی پەڕلەمانی عیراق ئەنجام بدرێت، كە بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەكە مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پێشووتری پەڕلەمانی عیراق و كاندیدی براوەی ئەم خوولە، وەك سەرۆكی كاتیی پەڕلەمانەكە سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەكە بكات كە كەسایەتییەكی سوننییە.