سەردێر

پەرلەمانتارێكی عیراقی: حكومەت و ئۆپۆزسیۆن دروستببێت واتا عەقڵی دیموكراتی پێگەیشتووە

باسی قۆناغەكانی داهاتوو دەكات

خەڵك-
ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی عیراق پێیوایە، گەر لە پەرلەمانی داهاتوودا فراكسیۆنی پێكهێنەری حكومەت و فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن دروست ببن، واتا گەیشتووینەتە قۆناغی پێگەیشتنی عەقڵی دیموكراتی، ڕەتیشیكردەوە هیچ لایەنێك لە یەنەكانی ئێستا بە بەشدارینەكردن لە حكومەتدا ڕازیی ببن.

نەدا شاكر جەودەت، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”گەر گەیشتینە ئاستی دروستكردنی بەرەی حكومەت و بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەماندا، مانای ئەوەیە حزب و فراكسیۆنەكانمان گەیشتوونەتە قۆناغی پێگەیشتنی عەقڵی دیموكراتی”.

بە وتەی نەدا شاكر جەودەت:”قبوڵكردنی ئەو حاڵەتە لەلایەن حزب و فراكسیۆنەكانەوە، دەبێتە مایەی هاتنەبەری حكومەتێكى بەهێز كە توانای پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی دەبێت و لێپێچینەوە لەگەڵ وەزیر و بەرپرسە كەمتەرخەمەكاندا دەكات”.

بە بۆچوونی ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پەرلەمانی عیراق:”هەموو حزبەكان لە ساڵی 2003وە بەشدارن لە حكومەت و ئەم حاڵەتەی ئێستاش هەیە، لە ئەستۆی هەموانە، براوەكانی هەڵبژاردنەكەی ئەم دواییەش، هەمان ئەو حزبانەن كە پێشتر بەشدارییان لە حكومەتدا كردووە”.

سەبارەت بە دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، نەدا شاكر جەودەت بەپێویستی دەزانێت “پێش ڕووداوەكان نەكەوین و چاوڕوانی ئەو وتوێژانەبین كە لەم دوو ڕۆژەدا ئەنجام دەدرێن و ڕەنگە ببنە مایەی ڕێكەوتن لەسەر چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەت، بە ڕەچاوكردنی دەستوەردانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە پرۆسەكە”.

وابڕیارە پەرلەمانی عیراق لە یەك شەممەی داهاتوودا یەكەم دانیشتنی خۆی سازبكات كە لێوەی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار و پاشان سەرۆكی حكومەتی داهاتوو دەستنیشان دەكرێن و حكومەتی داهاتوو پێكدەهێنرێت.