سەردێر

عیراق یەكەم هەنگاو لە دژی دەستدرێژییەكانی توركیا دەگرێتەبەر

خەڵك-
سەركردەیەك لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، یەكەم هەنگاوی حكومەتی نوێی عیراق بەرامبەر بە دەستدرێژییەكانی توركیا بۆسەر وڵات ئاشكرا دەكات.

حەیدەر لامی، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”سكاڵا بەرزكردنەوە لەسەر توركیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان یەكەم هەنگاو دەبێت كە حكومەتی داهاتوو هەڵیدەنێت، دەستدرێژییەكانی توركیا بۆسەر خاكی عیراق و تیرۆركردنی دارستانەكان و كۆچپێكردنی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان، هەندێكن لە تاوانەكانی توركیا”.

بە وتەی لامی”دەستدرێژییەكانی توركیا بەهۆی لاوازیی حكومەتەكانی پێشووەوە بووە لە ئیدارەدانی دۆسێی ئەمنی، بەڵام حكومەتی داهاتوو كاردەكات بۆ گێڕانەوەی شكۆ دەوڵەت و بەگژداچوونەوەی هێزە بیانییەكان”.

ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بەپێویستی دەزانێت لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو بەرپرسانەدا بكرێت كە ڕێگەیان بە هاتنەناوەوەی توركیاداوە بۆ نێو خاكی عیراق كە شكۆ و سەروەریی دەوڵەتی پێشێل كردووە”.

پێشتر سەركردەیەكی فراكسیۆنی نەهجی نیشتمانی، ڕایگەیاندبوو كە بوونی بەردەوامی توركیا لەسەر خاكی عیراق، فاكتەری ناسەقامگیریی ئەمنییە و دەبێت حكومەت پابەند بێت بە بەڵێنەكانی و لەگەڵ هێزە ئەمریكاییەكان، هێزەكانی توركیاش لەسەر خاكی وڵات بكاتە دەرەوە.