سەردێر

سەركردەیەكی دەركەوتووی داعش دەستگیركرا

خەڵك-
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار، دەستگیركردنی سەركردەیەكی دەركەوتووی ڕێكخراوی داعش لە شاری فەللوجە ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، سەرچاوەیەكی ئەمنی لە لێدوانێكیدا بۆ میدیا عیراقییەكان ڕایگەیاند”هێزە ئەمنییەكان بۆسەیەكیان بۆ سەركردەیەكی دەركەوتووی ڕێكخراوی داعش لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری فەللوجە نایەوە و توانییان دەستگیری بكەن”.
بە وتەی سەرچاوەكە”هێزە ئەمنییەكان لەكاتی دەستگیركردنی ئەو سەركردەیەی داعش، هیچ زیانێكیان پێنەگەیشت، بەوپێیەی بەبێ‌ ڕووبەڕووبوونەوە و بەشێوەیەكی خێرا و لەناكاو ئۆپەراسیۆنەكە ئەنجامدرا”.

بە وتەی سەرچاوەكە”سەركردەكەی داعش بە یەكێك لە سەركردەكانی ڕیزی پێشەوەی داعش دادەنرێت و داڕێژەری زۆرێك لەو هێرش و پەلامارانە بووە كە كراونەتە سەر هێزە ئەمنییەكان، وێڕای تێوەگلانی لە بەئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەكان و مەدەنییەكان لەكاتی دەستگرتنی داعش بەسەر ناوچە جیاجیاكان لە پارێزگای ئەنبار، بە یەكێك لە دەركەوتووترین تیۆریستەكانيش بۆ بیر و ئایدۆلۆژیای ڕێكخراوەكەش دادەنرێت”.