سەردێر

“نابێت یەكێتی و پارتی وەك جاران مافی دەستووری بكەنە قوربانی پۆستەكانی بەغدا”

"دەبێت رێككەوتنی هێزە كوردییەكان لەبەرژەوەندیی مافی دەستووریی هەرێم بێت، نەك دابەشكردنی پلە و پۆست"

خەڵك-ئارام سەردار

یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان سەرەڕای ناكۆكی و ململانێی زۆر لە چەندین پرسدا بڕیاریاندا بە شاندێكی هاوبەش بچنە بەغدا، ئەمەش كاردانەوەی لێكەوتەوە.

هەرچەند پێشتر باس لەوەدەكرا كە پێویستە سەرجەم لایەنە كوردییەكان بە هاوبەشی بچنە بەغدا، بەڵام دەرئەنجام تەنها پارتی و یەكێتی كۆك بوون لەسەر ئەم پرسە، بۆیە بە پێویست دەزاندرێت ئەم رێككەوتنە لەبەرژەوەندیی مافی دەستووری هەرێمی كوردستاندا بێت، نەك دابەشكردنی پلەو پۆستەكانی بەغدا لەنێوان خۆیاندا.

هیوا سەید سەلیم، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لەبارەی ڕێككەوتنی یەكێتی و پارتی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بڕیاری پارتی و یەكێتی بۆ ناردنی شاندی هاوبەش بۆ بەغدا گرنگە، بەڵام لەوەش گرنگتر دەبوو كە شاندەكە سەرجەم ئەو هێزانەی لەخۆی گرتبا كە لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوینەران متمانەی خەڵكیان بەدەستهێناوە.

دەشڵێت، لە خولەكانی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەران هەمیشە ڕەخنەی ئەوە لە پارتی و یەكێتی دەگیرا كە بە دوو شاند و دوو پلانەوە دەچنە بەغدا بۆ دانووستان لەگەڵ لایەنەكانی دیكە، لە ئێستادا كە هەردوولا گەیشتونەتە ڕێككەوتن كە شاندی هاوبەش بۆ بەغدا بنێرن گرنگە، بەڵام لەوەش گرینگتر ئەوەیە كە خەڵكی كوردستان بزانێت كارنامەی ئەو شاندە هاوبەشە چیە.

ڕوونیشیدەكاتەوە، لە ڕابردوودا حیزبەكان بۆ دەستكەوتی حیزبی دەكەوتنە دانووستان لەگەڵ لایەنەكانی دیكە، بۆیە پێویستە ئەو شاندەی بڕیارە بچێتە بەغدا، پێداگیری لەسەر مافی دەستووریی خەڵكی كوردستان و شایستە داراییەكانی بكات، دەشبێت بەرنامەی دانووستانی بە شەفافانە بۆ ڕایگشتی و فڕاكسیۆنە كوردستانییەكانی دیكەش ئاشكرا بكات، چونكە لە ڕابردوودا پارتی و یەكێتی مافی دەستوورییان كردووەتە قوربانی پۆستەكانی بەغدا.

هیوا سەید سەلیم، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، لە ئێستادا كاتی ئەوە هاتووە وانە و پەند لە هەڵەكانی ڕابردوو وەربگیردرێت و دەستكەوتەكان نەكرێنە قوربانی ململانێكانی پارتی و یەكێتی.