سەردێر

خالیدی عەزیزی: ئۆپۆزسیۆنی كورد و ئێرانی ناتوانن گوندێك رزگار بكەن

سكرتێری گشتی حیزبی دێموكرات ووردەكاری گفتووگۆكانی ئێران و حیزبە كوردییەكان ئاشكرا دەكات

خەڵك-

سكرتێری گشتی حزبی دێموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئۆپۆزسیۆنی ئێران ناتوانێت گوندێك ڕزگار بكات.

خالیدی عەزیزی سكرتێری گشتی حزبی دێموكراتی كوردستان لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی فەرمی حزبەكەی ڕایگەیاند، ناوەندی هاوكاری حزبەكانی كوردستانی ئێران بە نێوبژیوانی ڕێكخراوێكی نەرویجی چەند قۆناغێكی سەرەتاییمان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بڕیوە.
دەشڵێت”هەمیشە ویستوومانە لە ڕێگەی وتووێژەوە ئەو پەیامە بە خەڵكی ئێران بدەین، كورد داوای چارەسەری ئاشتییانەی مافەكانی خۆی دەكات، شەڕخواز نین، بەڵكو قوربانیی سیاسەتی شەڕ و پەلامارەكانی ئێرانین، بۆیە مووشەك‌بارانی قەڵای دێموكرات و كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندی هیچ پەیوەندییەكی بەو دانیشتنانەی ئێمە لەگەڵ ئێران نەبوو”.
ئاشكراشیكرد، ئێران لە سەركوتی خەڵكی كوردستان‌و لە سیاسەتەكانی بۆ بەچۆكداهێنانی بزووتنەوەی كورد‌و ئیرادەی مافخوازیی خەڵكی كوردستان گەیشتووەتە بنبەست و پێیوایە تاكەڕێگا هەر بەردەوامبوونە لەسەر سیاسەتی میلیتاری‌و هێرشی سەربازییە.
سەبارەت بە ئەنجامی گفتوگۆكان لەگەڵ ئێران ناوبراو ڕایگەیاند، ئێمە مەرجەكانی خۆمان بۆ ئەو گفتوگۆیانە ئاشكراكرد، كە بریتی بوون لە داننان بە پرسی كورد و ئێران دەیەوێ یارمەتی چارەسەركردنی بێ‌و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ حزبەكانی ناوەندی هاوكاری گفتوگۆ دەكات. ئەوان ئەو مەرجانەیان نەسەلماند، بۆیە دانیشتنەكان نەگەیشتنە ئەو ئاستەی بتوانی ناوی گفتوگۆیان لەسەر دابنێین.

سەبارەت بە دۆخی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە گشتی خالید عەزیزی ئاشكرایكرد، بەردەوام ڕەخنە لە نایەكگرتوویی‌و بڵاویی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن دەگرین، ئەو ڕەخنەیە هەم دەكرێ بەرەوڕووی ئۆپۆزسیۆنی كورد بكرێتەوە، هەم ئۆپۆزسیۆنی سەرتانسەری كە ئەگەر نەتوانێت خۆی وەك ئەڵتەرناتیڤی ئێران جێبكاتەوە، ناتوانێت ڕۆڵێكی ئەوتۆی لە داهاتووی هاوكێشە نێوخۆییەكانی ئێران و پرسی ئێران لە دەرهاویشتە ناوچەیی‌و جیهانییەكاندا هەبێت.
ڕوونیشیكردەوە، ڕاستە جارێك وتومە ناتوانین گوندێك ڕزگار بكەین، ئەو تەعبیرەم ڕەخنەیەكی توند و ڕاشكاوانە بەنیسبەت بەربڵاوی هێزە سیاسییەكانی كوردستان بوو كە دەتوانم ئێستاش ئەو ڕەخنەیەم جارێكی دیكە‌و بە جۆرێكی دیكە هەبێت‌و بڵێم ئەگەر یەكگرتوو بین، دەتوانین زۆر گوند و شاری نیشتمانەكەمان ئازاد بكەین و پێكەوە بەڕێوەیان ببەین.