سەردێر

ئەمڕۆ دەروازەی سێماڵكا دەكرێتەوە

خەڵك

بڕیارە ئەمڕۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەروازەی سێماڵكا بەڕووی رۆژئاوای كوردستاندا بكاتەوە.

بەپێی سەرچاوە نزیكەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ پێنج شەممە بۆ ماوەیەكی كاتی دەروازەی سێماڵكا لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان تا كاتژمێر 4ی ئێوارە دەكرێتەوە.

سەرچاوەیەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سنوورەكە، ئاشكرایكرد ئامانج لە كردنەوەی دەروازەكە بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتیانەی رۆژئاوای كوردستانە كە ماوەیەكی زۆرە لە باشووری كوردستانن و رێگای گەڕانەوەیان لێگیراوە.

هەندێك سەرچاوەی سیاسی دیكە دەڵێن لە ژێر فشاری ئەمریكادا دەروازەی سێماڵكا دەكرێتەوە و ئەمریكا نێوەندگیری باشوور و رۆژئاوای كوردستان دەكات.

چەند هەفتەیەكە بەهۆی ناكۆكی نێوان فەرمانڕەوایانی باشوور و رۆژئاوای كوردستانەوە دەروازەی سەرەكی نێوان هەردوولا داخراوە.

داخرانی ئەم دەروازەیە بووە بەهۆكاری مانەوەی ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتی رۆژئاوای كوردستان كە بۆ كاری خۆیان هاتوونە باشووری كوردستان و هاوكات بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەل و خۆراكیش لە رۆژئاوای كوردستان.