سەردێر

پەرلەمانتارێكی پێشوو بۆ (خەڵك) باسی كۆبوونەوەكەی ماڵی عەبادی دەكات

پێیوایە پیلان هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماڵی شیعە

خەڵك-
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی نەسر باس لە كۆبوونەوەی هێزەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی دەكات لە ماڵی حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و دەڵێت، تەواوكاریی وتوێژەكانی تایبەت بە پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن و حكومەتی داهاتووە كە بە وتەی ئەو “چوارچێوەی هەماهەنگی توانیویەتی تائێستا 83 بۆ 86 كورسی كۆبكاتەوە و لێوەی گەورەترین فراكسیۆن پێكبهێنێت”.

نەدا شاكر جەودەت، پەرلەمانتاری پێشووی هاوپەیمانی نەسر لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند”كۆبوونەوەی ئەم دواییەی هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی عەبادی، تەواوكەریی كۆبوونەوەكانی پێشووە، لەپێناو دروستكردنى گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی، بەو پێیەی پێكهێنانی حكومەت مافی ماڵی شیعەیە”.

لەبارەی كۆبوونەوەكە، نەدا شاكر جەودەت وتى”ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە تەئكیدییان لە گرنگی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان كردەوە، بە ئامادەبوونی هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر، وەك یەك فراكسیۆن كە نوێنەرایەتی ماڵی شیعە دەكەن و مافی خۆیانە سەرۆكی حكومەتی داهاتوو دەستنیشان بكە و حكومەت پێكبهێنن”.

ئەو پەرمانتارەی پێشووی نەسر دەڵێت”ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە جەختییان لەسەر یەخستنی ماڵی شیعە كردۆتەوە لەپێناو بەفیڕۆدانی هەلی بەردەم ئەوانەی چاوییان لە هەڵوەشانەوەی ماڵی شیعە بڕیوە، جا لە ناوخۆبن یا لە دەرەوە، ئەمەش هەرگیز ڕوونادات، چونكە هێزە شیعەكان بە باشی ئاگاداری ئەو پیلانە گڵاوەن”.

نەدا شاكر جەودەت پێیوایە”دەستەواژەكان ئاماژە بە كۆكردنەوەی 83 بۆ 86 كورسی دەكەن لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی كە لێوەی دەتوانرێت گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی دروستبكرێت، بەڵام پێداگرە لەسەر ئەوەی هێزە شیعەكان لە یەكەم دانیشتنی پەرلەماندا وەك یەك ماڵی یەكگرتوو بەشداریی بكەن”.