سەردێر

بۆ دەستوور و كاتی هەڵبژاردن 6 حزبی هەرێم هەڵوێستی هاوبەشیان ڕاگەیاند

خەڵك-

لەسەر پەسەند كردنی دەستوور و هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان و پێكهێنانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، 6 حزبی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی هاوبەش ڕادەگەیەنن.

حزبەكانی (بزووتنەوەی دیموكراتی، زەحمەتكێشان، سۆسیالیست، یەكێتی نەتەوەیی، پارتی كرێكاران و ڕەنجدەران، شیوعی) لە ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەكردووە، پێویستە دەستووری هەرێم لەمساڵدا یەكلایی بكرێتەوە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

جەختیشیان كردۆتەوە، نابێت یاسای هەڵبژاردن گۆڕانكاری تێدا بێت و دەشبێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە كەسانی یاسایی و تەكنۆكرات پێكبێت.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 5/1/2022 شەش حزب و لایەنی سیاسی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان كۆبونەوە سەبارەت بە پرسی دەستور و یاسای هەڵبژاردن و كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكان گفتوگۆ كرا، لەسەر كۆی پرسەكان هاوڕابوون و لەم خاڵانەی خوارەوە هەڵوێستی هاوبەش بۆ رای گشتی راگەیندرا.
1-دەستوور: پرسی دەستور پرسێكی نیشتمانییە و پێویستە لەم ساڵدا یەكلا بكرێتەوە و ببینە خاوەن دەستوری خۆمان و ساڵی 2022 بكەینە ساڵی دەستوری كوردستان.
2-هەڵبژاردن: جەخت دەكەینەوە لەسەر ئەوەی پێویستە هەڵبژاردن لە كاتی خۆی ئەنجامبدرێت.
3-یاسای هەڵبژاردن: یاسای هەڵبژاردن یاسایەكی گونجاوە بۆ واقیعی كوردستان و پێویستە وەك خۆی بمێنێتەوە و دەستكاری نەكرێت.
4-كۆمیسۆنی هەڵبژاردن: پێویستە كۆمیسۆنی هەڵبژاردن لە كەسانی یاسایی و تەكنقورات پێكبێت و سەربەخۆو پیشەییانە كارەكانی خۆی رایی بكات و سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردن بكات.
1-بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان
2-حزبی زحمەتكێشانی كوردستان
3-حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان
4-یەكێتی نەتەوەی دیموكراتی كوردستان
5-پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان
6-حزبی شیوعی كوردستان

5/1/2022
هەولێر-كوردستان