سەردێر

“حكومەتی هەرێم واز لە دابەشكردنی مووچە بە سستی ناهێنێت”

خەڵك-

پەڕلەمانتارێكی یەكگرتوو لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم لەساڵی نوێشدا هەر وازی لەبەرنامەی دابەشكردنی مووچە بەسستی نەهێناوە.

بەهۆی پشووەكانی سەری ساڵەوە، كە لە هەرێم هەفتەیەك كرا بە پشوو، حكومەتی هەرێم پابەندی بەڵێنەكەی نەبوو بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگانە لە 25ی مانگەوە و تەواوكردنی لە 10 ڕۆژدا و مووچەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردووی خستە ساڵی 2022، هاوكات لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە دابەشكردنی مووچەی مانگی 12ی دەستپێكرد و تا ئێستا تەنها 4 وەزارەت مووچەیان وەرگرتووە و هێشتا زۆربەی مووچەخۆران بە خانەنشینانیشەوە چاوەڕێی مووچەن و ڕۆژانە وەزارەتێك یان چەند دەستە و توێژێك مووچە وەردەگرن.

سەرچنار ئەحمەد، بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، عێراق كە ئێستا لەڕیزبەندی یەكەمی وڵاتە گەندەڵەكانی جیهاندایە خەریكی دابەشكردنی مووچەی مانگی 1ی ساڵی 2022ە، بەڵام دابەشنەكردنی مووچە و خواردنی مافی مووچەخۆر بەهێڵی سوور دەزانێت و دەستی بۆنابات.

دەشڵێت: “هەرچی هەرێمیشە تازە دەستی كردووە بەدابەشكردنی مووچەی مانگی 12ی ساڵی پار و ڕۆژی دەستەیەك و وەزارەتێك دابەش دەكات، كە سەرەڕای بوونی داهاتی بەردەست هەرچاو لەدەستی 200 ملیارەكەی بەغدایە”.

لە ئێستادا حكومەتی هەرێم ڕۆژانە سەرووی 400 هەزرا بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، كە بەرمیلێك نەوت نزیكەی 80 دۆلارە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی مووچەی لیواكانی پێشمەرگە ئەمریكا دەیدات و مانگانەش 200 ملیار دینار لە بەغداوە دێت و هاوكات “داهاتی ناوخۆش مانگانە سەرووی 300 ملیار دینارەگ وەك بەرپرسانی حكومەت و پەڕلەمان دەڵێن.