سەردێر

لە هەولێر خۆپیشاندانە دژی بڕیارەكانی تایبەت بە كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل

خەڵك-ئارام سەردار

بەپێی ڕێنمایی ژمارە 3ی ساڵی 2021دەبێت گرێبەستی ئەلكترۆنی پەیڕەو بكرێت لەكاتی كڕین وفرۆشتنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل، دەبێت كۆمپانیای هاوردەكردن یان فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، ئەو ئۆتۆمبێلەی هاوردەی كردووە، دوای تێپەڕبوونی 90 ڕۆژ لەسەر هێنانی ئۆتۆمبێلەكە بۆ ناو هەرێمی كوردستان، لەسەر ناوی كۆمپانیا تۆمار بكات، ئەگەر لەو ماوەیەدا نەفرۆشرا. ئەگەرنا دوای 90 ڕۆژەكە ڕۆژانە بڕی (70.000) دینار سزای دێتە سەر.

لەدژی ئەم بڕیارە خاوەن پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل لەهەولێر گردبوونەوە و ئەو بڕیارە بەدژی هاووڵاتی و ئەو كەسانەی دەزانن، كەوا كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەكەن و وەك خاوەن پێشانگاكان دەڵێن، “بۆ گرێبەستی ئەلیكترۆنی 100 دۆلار وەردەگیرێت و لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆش وەك رسومات بۆ ئەو گرێبەستە ئەلیكترۆنیە 25 هەزار وەردەگیرێت”.

ئەمین هەڵمەت، بەشداربووی گردبوونەوەكە بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بڕیارەكە دژی خەڵكی هەژارە و ئەگەر جێبەجێ بكرێت زۆرینەی ئەو كەسانەی كاری كڕین و فرۆشتن دەكەن بێ كار دەبن، چونكە ناكرێت بۆ وەرگرتنی كۆدێك چەند ملیۆنێك لەبڕی كۆدەكە دابنێی.

دەشڵێت: “حكومەت هەرجارەی بڕیارێك دەدات، ئۆتۆمبێل ڕێگای پێ دەدەن هاوردە بكرێت كەچی ژمارەی پێنادەن، ئەو بڕیارەش گرفتی زۆر دروست دەكات”.

هاوكات، ئەحمەد مستەفا، خاوەنی پێشانگا بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بڕیارەكە ڕەت دەكەنەوە، چونكە بەجۆرەها بیانوو پارەمان لێ وەردەگرن، پارە ژینگە، پارەی تابلۆ، ئاو و كارەبا، ئێستاش داوای بڕی ٥ ملیۆن دەكەن تا كۆدمان پێبدەن، خۆ مانگانە هێندە كارناكەین هێندە ‌پارە بدەن، هەروەها بڕیار یەك مانگ بەناوكردنی ئۆتۆمبێل، نەگوونجاوە لەبەر ئەوەی ڕەنگە لەڕۆژێكدا ٥ ئۆتۆمبێل بكڕم یان بفرۆشم، خۆ ناكرێت هەمووی بەناو بكەم.

وتیشی، “لەڕێنماییەكەدا دەڵێت دەبێت خاوەن ساڵیانە ئامادەبێت لەكاتی كڕین و فرۆشتن و بریكارنامەش كارپێ ناكەن، ئەمەش ئەستەمە، چونكە خاوەن ساڵیانە هەیە لەبەغدادە یان شارەكان تر”.

لای خۆشیەوە، فاڵ حاجی، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند، گرێبەستی ئەلكترۆنی چەند سوودێكی هەیە، كە ئەمانەن:
1- ڕۆژانە بەدەیان كەس سەردانی هاتووچۆ دەكەن و سكاڵای ئەوە دەكەن كە ئەوان ئوتومبێلیان كڕیوە لەكەسێك وەپارەیان داوە وگرێبەستیان نوسیوە ،كەچی خاوەنی ئوتومبێلەكە ئامادە نابێت پەنجەمۆریان بۆ بكات،وەلەهاتوچۆش هیچیان بۆناكرێت لەدادگاش پاش ماوەیەكی دوورودرێژ، ئینجا بڕیار نادرێت بەگۆڕینی مولكیەت ،چونكە گرێبەست یان نیە یان كەهەیە سیمایەك و پشتگیریەكی یاسایی نیە ،بەمەش هاولاتی كڕیار توشی گرفت دەبێت وماڵی دە فەوتێت،بەڵام گرێبەستی ئەلكترۆنی كەدەكرێت و واژۆ دەكرێت ولەفەرمانگەی یاسایی هاتووچۆ پشتڕاست دەكرێتەوە،ئەو گرێبەستە بەگرێبەستێكی فەڕمی دادەنرێت وەلەژێر ڕۆشنایی ئەوە دادگا زۆر بەئاسانی بڕیاری بەناوكردنەكە دەدات بێ ئامادەبونی فرۆشیار بۆ پەنجەمۆر.

2- خەڵكانێكی زۆر كەبەنیازی سەفەرن یان قەرزارن و نیازی خۆشاردنەوەیان هەیە و ئوتومبێل بەهاوڵاتیان دەفرۆشن بە(وكالە)،ئەو (وكالە)یەزۆر جار ساختە دەكرێت هاوشێوەی گرێبەستی ئاسایی مەعرەزەكان ،بەمەش هاوڵاتی كڕیار خۆی دەبینێتەوە كەوا ئوتومبێلێكی كڕیوە بەبێ ئەوەی هیچ ئەگەرێك هەبێت بۆئەوەی بتوانێت مولكیەتی بخاتە سەر ناوی خۆی،بەمەش توشی كێشە دەبێت،بەڵام گرێبەستی ئەلكترۆنی ڕۆلی وەكالە ناهێلێت وڕێگر دەبێت لەدروستبونی ئەو كێشەیە.

3- ئەگەر كەسێك ئوتومبێلەكەی بفرۆشێت بەگرێبەستی ئاسایی ،وەبەر لەبەناوكردنی بمرێت،ئەوە ئوتومبێلەكە بەناوی كڕیار ناكرێت،وەئەگەر وەكالەشی بۆكرابێت وەكالەكە نایخوات و كۆتایی پێ دێت،بەڵام گرێبەستی ئەلكترۆنی بكرێت ولەفەرمانگەی یاسایی هاتووچۆ پشتراست بكرێتەوە وەلەماوەی داریكراوی خۆی پێشكەش بكرێت،مافی میراتگرەكانی مردوەكەی بەسەر نامێنێت كەئیستا ئەوكێشەیە زۆر باوە وەخەلكێكی زۆر ئوتومبێلی كەسانی مردویان لایە وەناتوانن بیخەنەسەرناوی خۆیان ،بەتایبەت ئەگەر میراتگری ناكامی هەبێت،وەبۆ دادگاو هەمو لایەك ڕوون دەبێتەوە كەكەسەكە بەرلەمردنی ئوتومبێلەكەی فرۆشتوە ،بەمەش كێشە بۆكڕیار دروست نابێت.

4- كۆمپانیاكان ئوتومبێلی بەكارهاتوو بەكارنەهاتوو هاوردە دەكەن وەهەندێكیان وەكو ئیستیغلال كردن ئوتومبێلی لێدراو بەدەر لەڕێنماییەكان هاوردە دەكەن و بەهاوڵاتیانی دەفرۆشنەوەوەلەگرێبەستی خۆیان، خاوەنی كۆمپانیاكان ناچار ناكرێن بەوەرگرتنەوەی ئوتومبێلەكان ئەگەر هەر عەیبێكی شاراوەیان هەبێت(عیوب خفیە)،بەلام لەگرێبەستی ئەلكترۆنی كۆمپانیاكان ناچار دەكات بەقەرەبو وەرگرتنەوە لەكاتی بونی عەیبی نەبینراووشاراوەكەهۆكار بێت بۆتۆمار نەكردنیان ،كەلەكاتی ئێستادا خەلكێكی زۆری كڕیار ئەمجۆرە كێشەیان بۆدروست بوە لەگەڵ كۆمپانیاكان.

5- گرێبەستی ئەلكترۆنی گرێبەستێكی باوەڕپێكراوە وەسنوری بۆدیاری كراوە كەمانگێكە بۆئوتومبێلی بەكارهاتوووتۆماركراو،وەماوەی 60ڕۆژە بۆئوتومبێلی بەكارهاتو یان بەكارنەهاتووی تۆمارنەكراو، وەدەبێت لەماوەی دیاركراو كارەكانی تۆماركردن یان گۆڕینی مولكیەت ئەنجام بدرێت،كەئەمەش ڕێگر دەبێت لەهەر كێشەیەكی هەڵبەز ودابەزی نرخ وپەشیمان بونەوەو شتی تر.

6- ئەو گرێبەستە وبڕگەو بابەتەكانی بەتەواوی لەژێر كۆنترۆلی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، وەبەهیچ شێوەیەك كۆمپانیای ئەهلی بەشدار نیە نەلەڕێكخستنی.

No description available.No description available.