سەردێر

تۆیۆتا ڕیكۆردێكی دیكەی تۆمار كرد

خەڵك-

كۆمپانیای ژاپۆنی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل، تۆیۆتا لە ڕێگای فرۆشتنی ٢.٣ ملیۆن ئۆتۆمبێل لە ئەمریكا لە ساڵی ڕابردوودا، توانی لە پڕفرۆشیدا پێش كۆمپانیای جێنێراڵ مۆتۆڕزی ئەمریكی بكەوێت.

تۆیۆتا مۆتۆڕز لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، فرۆشی كۆمپانیاكە لە ئەمریكا لە ٢٠٢١دا، 10.4% زیادی كردووە و بووەتە ٢.٣ ملیۆن ئۆتۆمبێل.

هاوكات كۆمپانیای جێنێراڵ مۆتۆڕز لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، بەهۆی گرفتەكان لە زنجیرەی دابینكردنی نیمچە نەگەیەنەرەكان، كۆی گشتی فرۆشی كۆمپانیا لە ساڵی ڕابردوودا نزیكەی لە 13% دابەزیوە و بووەتە ٢.٢ ملیۆن ئۆتۆمبێل.

بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوكراونەتەوە، تۆیۆتا لە فرۆشدا لە ئەمریكا كەوتە پێش جێنێراڵ مۆتۆڕزەوە و بووە پڕفرۆشترین كۆمپانیای بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێل، كە لە ساڵی ١٩٣١ەوە بەناوی كۆمپانیا ئەمریكییەكەوەیە.