سەردێر

بە ڤیدیۆ؛ سووتێنەرانی فەرمانگەكانی پیرەمەگروون دەستگیركران

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ئاشكرای دەكات، كە ئەوانەی لە خۆپیشاندانەكانی مانگی 11ی ساڵی ڕابردوودا فەرمانگەكانی شارۆچكەی پیرەمەگروونیان سووتاند دەتسگیر كراون و دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا دانپێدانانی سووتێنەرانی فەرمانگەكانی پیرەمەگروونی بڵاوكردۆتەوە و ڕایگەیاندووە، لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ لە كاتێكدا ژمارەیەك لە دانیشتوانی شارۆچكەی پیرەمەگرون بە مەبەستی خستنەڕووی چەند داواكارییەكی خزمەتگوزاری لە چوارچێوەی مافی ڕادەربڕین هەستان بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێكی هێمنانە، بەڵام چەند كەسێكی ڕاسپێردراو بە پێی بەرنامەیەكی داڕێژراو بۆ تێكدانی ئاسایش و ئارامی و بە مەبەستی دروستكردنی ئاژاوە هەستان بە قۆستنەوەی كات و ساتی خۆپیشاندانی بەشێك لە دانیشتوانی شارۆچكەی پیرەمەگرون.

ڕاشیگەیاندووە، لەوكاتەدا دەرفەتیان وەرگرت و هەستان بە پەلاماردانی دام و دەزگا ڕۆشنبیری و كلتوری و خزمەتگوزاریەكانی شارۆچكەكە و لە كردەوەیەكی دوور لە نەریتی خەڵكی رەسەنی ناوچەكە، دەستیان كرد بە سوتاندنی یەكێك لە ناوەندە زانستی و ڕۆشنبیرییەكانی شارۆچكەی پیرەمەگرون، كە ئەویش كتێبخانەی گشتی پیرەمەگرونە لەگەڵ سەنتەری ڕۆشنبیری منداڵان و فەرمانگە خزمەتگوزاریەكانی وەك بەڕێوبەرایەتی ناحیە و فەرمانگەی هاتووچۆ و فەرمانگەی كارتی نیشتیمانی.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش هێزەكانمان هەستان بە دەست نیشانكردن و دەستگیركردنی ژمارەیەك لەو كەسانەی دەستیان هەبووە لە گۆڕینی ئاڕاستەی خۆپیشاندانی هێمنانەی دانیشتوانی شارۆچكەی پیرەمەگرون و تۆمەتباران لە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش دانیان نا بە ئەنجامدانی ئەو تۆمەتەی ڕووبەڕویان كرابویەوە.