سەردێر

شەپۆلێكی خێرای دەریای ناوەڕاست هەرێم دەگرێتەوە

ئەمشەو لەم شار و شارۆچكانە بەفر دەبارێت

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، شەپۆلێكی خێرا و كورتخایەنی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە و باران لە زۆربەی ناوچەكان دەبارێت و بەفریش سەنتەری بەشێك لە شار و شارۆچكەكان دەگرێتەوە.

بە پێی پێشبینییەکانی سایتی (Global weather) لەدوای کاتژمێر 3ی ئەمشەوەوە لە سەنتەری شاری سلێمانی پێشبینی بەفربارین دەكرێت، ئەوەش بەهۆی هاتنی شەپۆلێكی دەریای ناوەڕاست و نزمبوونەوەی پلەكانی گەرماوە.

محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پێشبینی دەكەین لەدوای كاتژمێر 10ی ئەمشەووەوە شەپۆلێكی بارانبارین و بەفربارین داخڵی هەرێمی كوردستان ببێت و سەرەتاش لە سنوری هەولێرەوە دەستپێدەكات بەبارانێكی لەسەرخۆ و پاشان لەدرەنگانی شەودا دەگاتە سنوری كەركوك و گەرمیان و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین ئەگەری بارانی زستانی هەیە، كە بۆ زەوی زۆر باش دەبێت.

ڕاشیگەیاند، لەدوای كاتژمێر 8ی بەیانی ڕۆژی چوار شەممه 2022/1/5 شەپۆلەكە كۆتایی پێدێت و ماوەی مانەوەی 8 بۆ 9 كاتژمێرە و ڕێژەی بارانەكەش لەنێوان 2 ملم بۆ 5 ملم دەبێت.

بە وتەی ئەو شارەزایەی بواری كەشناسی، “ئەم شەپۆلە بارانبارینە كاریگەری لەسەر سنوری بادینان و سۆران و باڵەكایەتی لاوازە”.

ئاشكراشی كرد، لەدرەنگانێكی شەودا بەهۆی نزمبونەوەی پلەكانی گەرما ئەگەری بەفر بارین لە شار و شارۆچكەكانی (پێنجوێن، سیتەك، باڵەكایەتی، سەنگاو، قۆپی قەرەداغ، ماوەت، سیدەكان) لەگەڵ سەرجەم ناوچە شاخاویەكانی سەر بەم ناوچانە و لەبەشێكی زۆری سەنتەری شارەكانی نزیك شاخەكان بەفر و باران بەتێكەڵی دەبارێت و ڕێژەی بەفرەكەش لەنێوان 0,5 سم بۆ 8 سم دەبێت.