سەردێر

ڕەوتی سەدر لەبارەی چاوپێكەوتنەكەیان لەگەڵ بارزانی ڕاگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە

 

خەڵك-

ڕەوتی سەدر ڕایدەگەیەنێت، چاوپێكەوتنیان لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەشێكی ئەرێنیدا بەڕێوەچووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ سێ‌ شەممە لەلایەن ڕاگەیاندنی ڕەوتی سەدرەوە بڵاوكرایەوە”حەسەن عەزاری سەرۆكی شاندی دانوستانكاری سەدری، لە سەردانێكی فەرمی بۆ هەرێمی كوردستان، چاوی بە مەسعود بارزانی كەوت”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”بارزانی پێشوازیی لە سەرۆك و ئەندامانی شاندی دانوستانكاری سەدری كرد، شانازیی كرد بە هاتنی عەزاری بۆ هەرێمی كوردستان”.

ڕاگەیاندنی ڕەوتی سەدر دەڵێت”عەزاری تەئكیدی لەسەر پێویستی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە كردۆتەوە بە بەشداریی فراكسیۆنە براوەكان و دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز لەژێر گومەزی پەرلەمان”.

وەك لە ڕاگەیەندراوەكەی ڕەوتی سەدردا باسكراوە”چاوپێكەوتنەكە لە كەشێكی ئەرێنی و گەشبیندا بەڕێوەچووە، وێڕای تەئكیدكردنەوەی هەردوولا لەسەر گرنگی دانانی خاڵەكان لسەر پیتەكان و هەوڵی دانەبڕاوە بۆ ڕزگاركردنی نیشتمان”.

ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ شاندی ڕەوتی سەدر بەسەرۆكایەتی حەسەن عەزاری، دۆسێی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوویان تاوتوێ‌ كرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكیش كە لەلایەن ڕاگەیاندنی پارتییەوە بڵاوكرایەوە”مەسعود بارزانی لە هاوینەهەواری سەڵاحەدین، پێشوازیی لە شاندێكی ڕەوتی سەدر كرد بەسەرۆكایەتی حەسەن عەزاری”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەی پارتیدا هاتبوو”لە چاوپێكەوتنەكەدا باس لە پرۆسەی سیاسی عیراق و ئەنجامی هەڵبژاردن و هەنگاوەكان بۆ سازدانی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق كرا”.