سەردێر

لەبری چارەسەری كێشەكانی هەرێم، لایەنەكان سەرقاڵی دابەشكاری پۆستە باڵاكانی بەغدان

خەڵك-

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم بیر لەوە ناكاتەوە كاتێك غاز گران دەكات بەو هۆیەوە نان و خواردنی چێشتخانەكانیش گران دەبن.

قەیرانەكانی هەرێم بەبێ چارەسەركردن دەمێننەوە ژمارەكەشیان زیاتر دەبێت و هەمووشیان بەرۆكی هاووڵاتیانیان گرتووە، ڕەخنەی توندیش ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم دەكرێت، كە نەك كێشەكان چارەسەر ناكات، بەڵكو هۆكارێكە بۆ زۆرتر كردن و قوڵتركردنەوەی قەیرانەكانی هەرێم.

كامیل مەحمود چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، جیاوازی نێوان حكومەتی خەڵك و حكومەتی بازرگان ئەوەیە، كە حكومەتی خەڵك هەمیشە لەخەمی ژیان و بژێوی و بازاڕی خەڵكدایە، هەندێكجار ئەو حكومەتە نادیموكراسی و دیكتاتۆریشە و لەڕووی سیاسییەوە ستەمكار و داپڵۆسێنەرە وەك دەسەڵاتەكەی سەدام حسێن، بەڵام بۆ ئەوەی سیفەتی حكومەت و دەسەڵاتێكی شەرعی وەربگرێت كاری سەرەكی خەمی ژیان و بژێوی و دۆخی ئابووری و بازاڕی خەڵكە.
دەشڵێت”سەدام حسێن لە گەرمەی جەنگ و قەیراندا هەندێ پێویستی خەڵكی لەدەرەوە بەنرخێك دەكڕی و بەهەرزانتر دەیفرۆشتەوە بەخەڵكی وڵات لەڕێگای وەكیلەكانەوە، ئەو شتانە لەبازاڕی ڕەشدا نرخیان چەند بەرامبەربوو”.
ئاشكرایدەكات، حكومەتی بازرگان ئەو حكومەتەیە كەوەك كۆمپانیایەك مامەڵە لەگەڵ بازاڕو پێویستییە سەرەكییەكانی خەڵكدا دەكات و وەك بازرگان حساب بۆ سوودو قازانجی خۆی دەكات، هەرگیز نایەوێت بۆ بەرژەوەندی خەڵك و سەقامگیری بازاڕ شتێك گران بكات.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، ئاخر حكومەت چۆن بیر لەوە ناكاتەوە كاتێك غاز گران دەكات بەو هۆیەوە شتیتری وەك نان و سەمون و خواردنی چێشتخانەكانیش گران دەبن، بەڵام بەلایەوە كێشە نیە چونكە ئەوە بازرگانییە، ئاخر ڕەوایە بەنزین لەعێراقەكەی خۆت بكڕی و بیهێنیتەوە لەهەولێر و سلێمانی بەقازانج بیدەیتەوە بەخەڵكەكەی خۆت بەقازانج.

لەگەڵ گرانبوونی نرخی شمەك و كاڵا و كەمبوونەوەی غاز و سوتەمەنی و سەرجەم شمەك و كاڵاكان تاكو ئێستا حكومەتی هەرێم مووچەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردووی دابەش نەكردووە، ئەمەش بارگرانی زیاتری بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە و لایەنانی بەشداری حكومەتیش بێ چارەسەری ئەو دۆخە سەرقاڵی دابەشكاری پۆستەكانی بەغدان.