سەردێر

داهاتی هەرێم 400% بەرزبووەتەوە

هەرێم و عێراق و كاربەدەستەكانیان لەسەر ئاستی جیهان لەگەندەڵیدا نێوبانگیان دەركردووە

خەڵك-
بەپێی هێندێك سەرچاوە داهاتی هەرێمی كوردستان لە ٤٠٠٪ بەرزبوەتەوە، بەڵام ژیانی خەڵك و داهاتی تاكەكەس گۆڕانكاری ئەوتۆی بەسەردانەهاتووە.

عێراق و هەرێمی كوردستان لە پلەكانی پێشەوەی وڵاتانی گەندەڵن، هەرچەندە خاوەن داهات و سامانێكی زۆر و لە رادەبەدەرن، بەڵام ئاستی خزمەتگوزارییەكان زۆر لە خوارێیە و تەنانەت ناتوانن مووچەش بەباشی بدەن.

لەلایەكی دیكەەوە لە هەرێمی كوردستان بە حكوومەت و كۆمپانیاكانەوە كە هەردووكیان لەژێر هەژموونی حیزبەكاندان بە دەیان رێگا پارە لە هاووڵاتیان دەستێنن، بەبێ ئەوەی ئەو پارەیە بۆ هاووڵاتیان خەرج بكرێت كە بنەمای سەرەكی باجە.

حیزبە فەرمانڕەواكانی هەرێمی كوردستان خۆشیان لەسەر ئاستی باڵاوە زۆر جار یەكدی تۆمەتبار دەكەن بە گەندەڵی و بردنی سەروەت و سامان و داهاتی نێوخۆ و نەوت، دەڵێن داهاتی سلێمانی و دهۆك و هەولێرو گومركەكان ناگەڕێتەوە بۆ حكوومەت.

لە عێراق و لە هەرێمی كوردستان بنەماڵەسیاسییەكان و هۆزەكان و حیزب و بەرپرس و دەستڕۆیشتووەكان دەستیان بەسەر كۆی كایەنی حكومڕانیدا گرتووە، بەشێكی دیكەشیان لە رێگای كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتەوە دەستیان بەسەر بوارەكانی دیكەدا گرتووە و هەمووی لەبەرژەوەندی خۆیان بەكاردەهێنن و رێگانادەن هاووڵاتیان لێی سوودمەند ببن.

رێكخراو و مێدیا جیهانییەكانییەكان و رۆژنامەوانە بیانییەكان عێراق و هەرێمی كوردستان وەك كێڵگەیەكی گەندەڵی دەبینن و بەردەوام بەڵگە و زانیاری نوێ بڵاودەكەنەوە.

گەندەڵیی كاربەدەستانی هەرێمی كوردستان و عێراق، نەك لەنێوخۆی وڵات، بگرە پەلی هاوێشتووە بۆ وڵاتانی دەوروبەر و خۆرئاواش لە دوورترین شوێنی دنیا باس باسی گەندەڵییەكانی بەرپرسانی كوردستان و عێراقە.

سامی عەبدولڕەحمان شارەزای ئابووری بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەرێمی كوردستان ئەگەرچی لە سەرەتای ٢٠٢٠ سەرچاوەكانی داهات جۆراوجۆركران و نرخی هەریەك لەوسەچاوانە بەرزبوونەوە، بەپێی هێندێك سەرچاوە داهاتی هەرێمی كوردستان لە ٤٠٠٪ بەرزبوەتەوە، بەڵام ژیانی خەڵك و داهاتی تاكەكەس گۆڕانكاری ئەوتۆی بەسەردانەهاتووە، ئەمە نیشانەیەكی دیار و ڕوونە بۆ بوونی گەندەڵییەكی بەرفراوان.
دەشڵێت”ئەوەی جێگای تێڕامانە بوونی پاڵنەر و هاوكاری كردەیی خەڵكە بۆ ئەو جۆرە دەسەڵاتانە، هەندێكجار تاكی عێراقی بەگشتی بەشێكە لە گەندەڵی، تۆ بڕوانە هەركەس چاوەڕوانی ئەویدكەیە بۆ گۆڕانكاری”.

سەبارەت بە هەوڵەكانی حكومەت بۆ دەربازبوون لەو دۆخە، ناوبراو ڕایگەیاند، گەندەڵی لە عێراق مێژوو ئەزموونێكی دوور و درێژی هەیە، ئەگەر بڵێم لەم ووڵاتە گەندەڵی بووەتە كلتور زێدەڕۆیم نەكردووە، هەربۆیە پڕۆسەی چاكسازی و بنەبڕكردنی گەندەڵی پڕۆسەیەكی درێژخایەنە و لانیكەم دوودەیەی دەوێت.
ڕوونیشیكردەوە، حكومەتی داهاتووی عێراق هێشتا ئاسۆی پێكهێنانی ڕوون نییە، شێوازو هەیكەلی دیارینەكراوە‌و ئەو لایەنەی بانگەشەی دروستبوونی حكومەتی زۆرینەدەكات، پێموانیە بەئاسانی بۆی پێكبێت.
ئاشكراشیكرد، بنبڕكردنی گەندەڵی لە عێراق سەختە ئەگەر مەحاڵ نەبێت، چونكە هەر حزبێك هەر هەنگاوێكی چاكسازی لەبەرژەوەندی نەبێت ئەوا لەپەرلەمانەوە یان لە شەقام بە هەزار بیانوو ڕێگری بۆ دروست دەكات، بەشێوەیەكی گشتی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن چانسی چاكسازی و دژایەتی گەندەڵی لاواز كرد.

ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، ئەركی هاووڵاتی عێراق ئەوەیە هۆشیارانەتر، بڕوانێت و هەریەكەیان ڕۆڵی كارای هەبێت لە ڕێكخستنی خۆپیشاندانی مەدەنی و سوورتربێت لەسەر داواكارییەكانی، هەمیشە هەوڵ بدات كێشەكان بەنیشتمانی بكات دووربێت لەهەر تێوەگلانێكی بەرژەوەندی حزبی و مەزهەبی.