سەردێر

حكومەتی عێراق بڕِیاری ناردنی 200 ملیارەكەیدا

پارەكەی بەغدا دەگاتە هەرێم و دابەشكردنی مووچە خێراتر دەبێت

خەڵك-

هەرچەندە مووچەی مانگی ڕابردوو بە بیانووی پشووی سەری ساڵ دواكەوتووە، بەڵام ئەگەری هەیە دابەشكردنی مووچەی خێراتر بكرێت.

بەپێی زانیارییەكان، حكومەتی عێراق بڕیاری ناردنی 200 ملیار دیناری مانگی 12ی 2021 بۆ هەرێمی كوردستان داوە.

فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغدا بە ماڵپەری باسنیوزی ڕاگەیاند، حكومەتی عێراق بڕیاری داوە 200 ملیارەكە بۆ مانگی 12 ڕەوانەی هەرێم بكات.

دەشڵێت”پاش تەواوكردنی ڕێكارەكان تەمویلەكە بۆ لقی هەولێری بانكی ناوەندی دەنێردرێت و پارەكە دەدرێتە وەزارەتی دارایی”.

ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ ئەمساڵ كە عێراقیش یاسای بودجەی نییە، دوو بۆچوونی جیاوازی هەیە، هەندێك لە پەڕلەمانتاران دەڵێن، ڕێكەوتنەكە تەنها بۆ ساڵی ڕابردوو بووە، هەندێكی دیكە دەڵێن، بەپێی یاسای تاكو پەسەندكردنی بوجەی 2022 دەبێت ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بنێردێت.