سەردێر

داهاتی كارەبا 85% بەرزبووەتەوە

سیستمی زیرەك تەنها كۆكردنەوەی پارەی بۆ وەزارەتی كارەبا زیادكرد و كێشە و گرفت و خەرجیی زۆریش بۆ هاووڵاتیان

خەڵك

وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان بەرزبوونەوەی داهاتی بە رێژەی 85% راگەیاند.

وەزارەتی كارەبا لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، بەرهەمهێنانی كارەبا نزیكەی 26% بەرزبووەتەوە، ژمارەی هاوبەشانی كارەبا نزیكەی 21% زیادبووە، كاتەكانی پێدانی كارەبا زیاتر لە22% زیادبووە، داهاتی كارەبا زیاتر لە185% بەرزبووەتەوە.

بەرزبوونەوەی داهاتی كارەبا بە رێژەیەكی بەرچاو لە حاڵێكدایە، لەماوەی 30 ساڵی رابردووی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا نەتوانراوە چارەسەری تەنگەژەی كارەبا بكرێت.

وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێم لەم كابینەیەدا ئەوەی گرینگی پێداوە بەرزكردنەوەی داهات و گرتنەبەری رێوشوێنی كۆكردنەوەی پارەی كارەبا بووە، ئەویش تەنها لە هاووڵاتیانی ئاسایی، چونكە چەندین كۆمپانیا و شوێنی دیكە هەن كرێی كارەبا نادەن.

هاوكات كارەبای نیشتمانی لە شەو و رۆژێكدا لە ئێستادا چەند سەعاتێكە لەكاتێكدا بڕەكەشی سنوورداركراوە بۆ 40 ئەمپێر، بەڵام هاووڵاتیان دەڵێن 40 ئەمپێر نییە، ماڵ هەیە 20 ئەمپێری هەیە.

هاوكات سیستمی زیرەك جگە لەوەی توانیویەتی كۆكردنەوەی داهات بۆ وەزارەتی كارەبا زیادبكات، نەیتوانیوە بڕی كارەبا زیاد بكات، بگرە كەمیشیكردووە، هاوكات ئاستەنگ و كێشەی زۆری بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە كە فەرمانگەكانی كارەبا خۆشیان بەپێی پێویست بەدەم هاووڵاتیانەوە نایەن بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رووناككردنەوەی كوردستان پشتی بە موەلیدەی ئەهلی بەستووە، كە سەرچاوەیەكی دیكەی بارگرانین بۆ هاووڵاتیان و سەرچاوەیەكی دیكەی پیسكردنی ژینگەن و رووخساری شارەكانن.

هەرچەندە هاووڵاتیان پارەی كارەبای موەلیدە و كارەبای نیشتمانیش دەدەن كە بڕێكی زۆر زۆرە بەراورد بەو كارەبایەی دەیدەن، چونكە كارەبای موەلیدە چەند ئەمپێرێكە و كارەبای نیشتمانیش بە گوتەی وەزارەت 40 ئەمپێرە، كە بەهەردووكیان ناتوانن 24 سەعات كارەبا بدەن بە هاووڵاتیان.