سەردێر

نزیكەی 9 ساڵە هەرێم یاسای بودجەی نییە

خەڵك-
پەڕلەمانتارێكی كوردستان ئاشكرای دەكات، كە لە یەك ساڵدا پەڕلەمان 20 یاسای دەركردووە و دەشڵێت: “ماوەی 9 ساڵە بەبێ‌ یاسای بودجە حكومەت كارەكانی دەكات”.

سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پەڕلەمانی كوردستان لەساڵی 2021 دا 20 یاسای تشریع كردووە، كە خۆزگە لەبری ئەو 20 یاسایە، یەك یاسای تشریع بكردایە ئەویش بریتی بوایە لەیاسای بودجە.

ڕاشیگەیاند، یاسای بودجە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەژیان و گوزەرانی خەڵكەوە هەیە و هەروەها سنوورێكیشە بۆ ڕێگری كردن لە شاردنەوەی داهات و ناشەفافی نەوت و ڕێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكان.

دەشڵێت: “9 ساڵە پەرلەمان لەئاست جێبەجێكردنی ئەم ئەركەیدا سەركەوتوونەبووە و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش 9 ساڵە بەبێ یاسای بودجە كارەكانی بەڕێدەكات و نایەوێت هیچ یاسایەك سنووربەندی داهات و خەرجییەكانی بكات”.