سەردێر

یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار رێككەوتوون

خەڵك

سەرچاوەیەكی نزیك لە پارتی جەختی كردووە كە لایەنە كوردییەكان بەیەك پاڵێوراوەوە دەچنە یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لەگەڵ ئەوەی بابەتی دەستنیشانكردنی پۆستی سەرۆك كۆمار تائێستا لەنێوان یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستاندا جێگای مشتومڕە، بەڵام كادیرێكی پێشكەوتوی پارتی ڕایدەگەیەنێت، “جارێكی تر سیناریۆی ساڵی 2018 بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دوبارەنابێتەوە بەوەی كورد بەدوو كاندیدەوە بچێتە پەڕلەمانەوە”.

ڕێبین سەلام كادیری پێشكەوتوی پارتی لەچاوپێكەوتنێكیدا بەماڵپەڕی “سۆمەرییە نیوز”ی ڕاگەیاندووە، یەكێتی‌و پارتی لەسەر ئەوە ڕیككەوتون كە لەبابەتی پێشكەشكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار جارێكی تر سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارە نەكەنەوە.

جەختیشیكردۆتەوە، لایەنە كوردییەكان بەیەك پاڵێوراوەوە دەچنە یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.

بەگوێرەی قسەكانی سەلام، “لەدوایین كۆبونەوەی نێوان یەكێتیی‌و پارتی لەسەر چەند پرسێك ڕێككەوتون، لەناویاندا یەكخستنی هەوڵی هێزە ئەمنییەكان لەجەنگی دژ بەداعش، ئەوە جگە لەچەند پرسێكی سیاسیی بەتایبەت لەبابەتی كاندیدی سەرۆكایەتیی كۆمار”.

راشیگەیاندووە “یەكێتی‌و پارتی نایانەوێت بەدوو كاندیدەوە بچنە ناو ململانێی یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە”.

ئەوەش هاتوە، “لەیەكتێگەیشتنەكان لەنێوان هەردوو حزب گەیشتونەتە قۆناغێكی پێشكەوتوو، پۆستی سەرۆك كۆمار نابێتە ئاستەنگ لەبەردەم یەكلاییكردنەوەی ئەو لەیەكتێگەیشتنانە كە ڕەنگە لەماوەی چەند ڕۆژ تەنانەت كاتژمێرێكیش یەكلایی ببنەوە، بەوپێیەی چەند ماف‌و بەركەوتەیەكی گەلی كورد هەیە كە زۆر لەو وردەكارییانە گەورەترو قوڵترن”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەیەكتێگەیشتنەكانی ناو ماڵی كوردی تەنها لەسەر یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار كورتنابنەوە، بەڵكو چەندین بەركەوتەی تر هەیە وەك پۆستە وەزارییەكانی ناو حكومەتی فیدراڵی‌و پابەندییەكانی دیكە كە هەردوو حزب پێشوەختە لەڕێگای لیژنەكانەوە یەكلاییان بكانەوە.