سەردێر

دوكانی كیژە دێهاتییەكە، لەژێر گرمەی بۆمب و فڕۆكەدا

كیژە دێهاتییەك لەژێر گرمەی بۆمب و فڕۆكەدا بەرهەمە خۆماڵییەكان بۆ ئەوروپا دەنێرێت

شارباژێڕ – نزار جەزا

“لەدڵی سرووشتەوە بەروبوومە خۆماڵییەكانی گوندەكانتان پێشكەشدەكەین”، ئەمە دروشمی دووكانە بچكۆلەكەی ڕێژنە دێهاتییە لەنێو گوندی گەڵاڵە، كە لەژێر گرمەی بۆمب و فڕۆكە جەنگییەكانی توركیادا كاری تێدا دەكات و بەرهەمەكانی بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەنێرێت.

گوندی گەڵاڵە دەكەوێتە نێوان زنجیرە چیاكانی ئاسۆس و برزووت و ئیلێڵ لە ناوچەی شارباژێڕ، بەدووری ٥٨ كیلۆمەتر لەسلێمانییەوە، كە لەئێستادا نزیكی ٥٠ كەس تێیدا نیشتەجێن و لە وەرزی هاویندا ژمارەی دانیشتووانی بەرزدەبێتەوە بۆ نزیكی ٢٠٠ كەس.

ڕێژنە دێهاتی، كیژێكی تەمەن ٢٥ ساڵە و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لەزانستی كۆمپیوتەردا هەیە، هاوكات خاوەن براندی كیژی دێهاتییە، لەسەر ڕێگای سەرەكی گوندەكەیدا ماوەی شەش مانگە دووكانێكی كردووەتەوە، بەڵام بەگوتەی خۆی، لەژێر گرمەی تۆپ و فڕۆكە جەنگییەكانی توركیادا كاردەكات.

ڕێژنە لەبەرواری ٢٠\٦\٢٠٢١دا ئەوكاتەی بۆردوومانی گوندەكە كرا، گرتەیەكی ڤیدیۆیی تۆماركرد، تێیدا دوكەڵی بۆمبە تەقیوەكانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لەپشتییەوە دیارە و وتی“ئەمەی دەیبینن بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیایە لەنێوەڕاستی گوندی گەڵاڵە، ئەمە چ ویژدانێكە! ئاوا گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی دەپارێزن! هێشتا فڕۆكەكان بەسەرسەرمانەوە دەسوڕێنەوە، نزیكی ٣٠٠ كەس لەنێو گوندەكەدا نیشتەجێن و مەترسیمان لەسەرە”.

بەچاوی پڕ فرمێسكەوە وتیشی”ئێمە دەمانەوێت ئاوەدانی دروستبكەن، تازە شوێنێكم كردووەتەوە بۆئەوەی بەرهەمی گوندییەكان بفرۆشم و گوندەكان ئاوەدان ببنەوە، ئێمە ئاوەدانی دەكەین، بەڵام ئەوان وێرانی دەكەن، ئێمە هیوا دروستدەكەین، بەڵام ئەوان هیوامان ناهێڵن”.

جگە لەگوندی گەڵاڵە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردومانی گوندی سەفرە و كونەماسی و چەند شوێنی دیكەیان لەناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، بەنموونە لەو كاتەی گەشتیاران لەنێو چەمی كونەماسیدا خەریكی مەلەكردن و یاری و شەڕە ئاوبوون، بۆمبێك بەئاڕاستەی دووكانێكی گوندەكە تەقێندرا، كە بووە هۆی ئەوەی، ژنێك قاچی لەدەستبدات و منداڵەكانی و هاوسەرەكەشی بریندارببن، بەجۆرێك تاكو ئێستا پارچەی بۆمبەكە لەسنگ و ڕان و سەر و پشتی هاوسەرەكەیدا ماوە، یەكێك لەمنداڵەكانیشی پارچەی بومبەكە لەسەریدایە و ئەوی دیكەشیان هێشتا بەباشی ناتوانێت ببیستێت.

 

لەشەش مانگی دووەمی ساڵی ٢٠٢١دا سێجار فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردوومانی دەوروبەری گوندەكەیان كردووە، ئەمەش وایكردووە ترسێكی زۆر بكەوێتە دڵی هاونیشتیمانییانی ئەو گوندەوە، هەربۆیە ڕۆژانە دانیشتووانی گوندەكە كۆچ بۆ نێو شاری سلێمانی دەكەن، بەجۆرێك لەساڵی ٢٠١٧ەوە تاكو ئێستا ژمارەی ماڵەكانی گوندەكە لە ٧٥ ماڵەوە بۆ ٣٠ ماڵ كەمیكردووە.

لەگەڵ بوونی ئەو مەترسییانەی لەسەر خەڵكی گوندەكە هەیە، ڕێژنە و خێزانەكەی بڕیاریانداوە لەسەر زەوییەكانی باوك و باپیرانیاندا بمێننەوە و وەك ڕێژنە وتی“فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا مەترسیدارن، ئەگەر لەگوندەكە بدەن وێرانی دەكەن و خەڵكەكەش تیادەچێت، بەڵام خودا گەورەیە، خودا ویستی لەسەر چی بێت ئەوە ڕوودەدات، ئیشەڵا هیچ نابێت”.

ڕێژنە جیاوازتر لەڕێچكەی گوندییەكان بەرهەمە سروشتی و خۆماڵییەكانی كردووە بەبراندێك، ناو و لۆگۆ و كیسەی تایبەتی بۆ دروستكردوون، بەڕێگەی ئۆنلاین دەیانفرۆشێت، شەش مانگیشە بەمەبەستی گەشەپێدان و بەفەرمی ناساندنی بەرهەمەكانی، دووكانێكی لەگوندەكەیدا كردووەتەوە و تابلۆیەكی بەلۆگۆی خۆیەوە پێوەهەڵواسیوە، مۆڵەتی فەرمیشی لەلایەنە بەرپرسە حكومییەكانەوە بۆ وەرگرتووە و ناوی كیژی دێهاتی بەفەرمی ناساندووە.

“فرۆشم لەنێو دووكانەكەدا هیچ نییە مەگەر میوانێكی تایبەت بۆ لام بێت و شتێك بكڕێت، چونكە ڕێگای گەشتن بەگوندەكەمان دوورە، ١٤ كیلۆمەتری ڕێگاكەش گڵە و بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاشەوە ئەو ناوچەیە مەترسیدارە، بەڵام لەڕێگەی ئۆنلاینەوە فرۆشم باشە”، كیژە دێهاتییەكە وایگوت.

لەبارەی ئەوەی كە فرۆشی نییە، بۆچی دووكانی كردووەتەوە، ڕێژنە باسی لەئەوەكرد، پێویستبوو شوێنێكی بۆ براندەكەی هەبێت و ناوی براندەكەی بپارێزێت، بەڵام ئەگەر لەسلێمانی دووكانێكی بكردایەتەوە، تێچووی زۆر دەویست، بەڵام لەگوندەكەیدا تێچووی كەمترە و بەتەنها دەتوانێت كارەكانی تێدا ئەنجامدات، كڕیارەكانیشی لەڕێگەی ئۆنلاینەوە پەیدا دەكات.

كڕیاری بەرهەمە خۆماڵییەكانی كیژی دێهاتی تەنها لەنێو باشووری كوردستانەوە نیین، بەڵكو هەندێك لەكوردانی وڵاتانی وەك ئەڵمانیا و بەریتانیا و فینلەنداش داوای بەرهەمە خۆماڵییەكانیان لێ كردووە، هەربۆیە وەك خۆی گوتی:“ یەكەمجارە لەپڕۆژەكەمدا بتوانم هەندێك لەبەرهەمەكانم بەپۆستە بۆ فینلەدان بنێرم، هەرچەندە پێشتر هەندێك كڕیار خۆیان لەشارەكانی هەرێمەوە لێیان كڕیوم و بردوویانەتەوە بۆ وڵاتانی دیكە”.

ڕێژنە گوتی: لەگەڵ كۆمپانیایەكی گەیاندن ڕێكەوتووم، بۆئەوەی ئەگەر هەر كەسێك لەوڵاتانی ئەوروپاوە خواستی كڕینی بەرهەمێكی خۆماڵی هەبوو، بۆی بنێرم، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرهەمەكان بەتەواوی سرووشتین و مادەی كیمیایی بەكارناهێنم، ناتوانم لەهاویندا كە پلەی گەرما بەرزە، هەندێك بەرهەمم بنێرمە دەرەوە، بۆیە هەندێك بەرهەمم تەنها لەزستاندا دەتوانم بینێرمە دەرەوەی كوردستان.

بەرهەمە خۆماڵییەكانی كیژی دێهاتی بریتین لە(هەنگوین، بنێشتی كوردی، ترش، دۆشاوی ترێ، دۆشاوی توو، هەنجیری وشك، باسووق و ڕووبەهەنار).

ڕێژنە لەگەڵ ترسی دەنگی بۆمب و فڕۆكە بڕیاریداوە گەشەی زیاتر بەبەرهەمە خۆماڵییەكان و براندەكەی بدات، هەر وەك خۆشی گوتی: بەرنامەم وایە لەساڵی نوێوە، بەرهەمی كیژی دێهاتی ببەمە نێو ماركێتەكانی كوردستان و زیاتریشی لێ بنێرم بۆ وڵاتانی دیكە.