سەردێر

مۆسکۆ و واشنتن بڕیار لە چارەنووسی ئیدارەی خۆسەری دەدەن

خەڵک-

لەسەرەتای ساڵی نوێوە مۆسکۆ لەگەڵ واشنتن دەچێتە گفتوگۆوە لەبارەی چارەنووسی کوردانی رۆژئاوا و ئیدارەی خۆسەری و رێککەوتنیان لەگەڵ بەشار ئەسەد و کۆتایی هێنان بە کێشەکانی سوریا.

ماڵپەڕی کەناڵی (العربیە) لە زاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیاوە بڵاویکردەوە، مۆسکۆ دەیەوێت لەسەرەتای ساڵی 2022وە لەژێر سایەی پرەنسیپی “یەکێتیی خاکی سوریا”، لەگەڵ ئەمریکییەکان لەبارەی چارەنووسی ناوچە کوردییەکانی سوریا گفتوگۆ بکات.

ئاماژەی بەوەشکردوە، دۆخی ناوچە کوردییەکانی سوریا بەشێکیش دەبێت لەخشتەی کارەکانی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران، کە وابڕیارە لەسەرەتای ساڵی 2022 سەردانی مۆسکۆ بکات.

وتوشیەتی، “ئێرانییەکان نیگەرانییەکانی تورکیا لەبارەی ئەگەری زیانگەیاندن بەبەرژەوەندییەکانی تورکیا لەخاکی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بەهەند وەردەگرن، بەتایبەت کە ئێرانی و تورکەکان لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆی بەردەوامیان لەنێواندا هەیە”.

سەرچاوەکە ئاشکراشی کردووە، ئێرانییەکان ڕۆڵێکی کارایان هەیە لەبەدیهێنانی چارەسەرێکی مامناوەند لەنێوان حکومەتی سوریاو کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان‌ و تورکیا، هەربۆیە مۆسکۆ بەجدییەوە گوێ لەبۆچون‌ و هەڵوێستەکانی ئێران لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کوردەکانی سوریا دەگرێت.