سەردێر

ڕێكاری‌ یاسایی‌‌ لەبەرانبەر دوورخستنەوەی مامۆستایانی ئایینی دەگیرێتەبەر

خەڵك-

ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، تاوانی‌ ئەو مامۆستاو وتاربێژانە وتنی‌ حەق‌و ڕاستی‌ و نەچوونەژێر هەیمەنەی‌ بۆچوونی‌ سیاسی‌ دەسەڵاتە.

عومەر گوڵپی‌ ئەندامی‌ پەڕلەمانی‌ كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە ماوەی‌ بیست ساڵی‌ ڕابردوودا، یەك لە دوای یەك چەندین مامۆستای‌ ناودارو بەناوبانگ‌ و حەقبێژو ڕەوانبێژ‌و خۆشەویست لە دڵی‌ خەڵك‌ و نوێژخوێنانیاندا لە وتاردان‌ و مینبەری‌ مزگەوتەكان دوورخراونەتەوە.
دەشڵێت”ئەم هەفتەیە هەمان بابەت بەرانبەر سەید ئەحمەد پێنجوێنی‌ وتاربێژی‌ ناسراو و حەقبێژی‌ كوردستان كراو بەبڕیارێكی‌ ناڕوون لە وتاردان دوورخرایەوە”.
ئاشكراشیكرد، بەپێی‌ بەدواداچونەكان تاوانی‌ ئەو مامۆستاو وتاربێژە دوورخراوانە وتنی‌ حەق‌ و ڕاستی‌ و نەچوونەژێر هەیمەنەی‌ بۆچوونی‌ سیاسی‌ دەسەڵاتەو لە دەرەوەی یاسایە.

ئاشكرایدەكات، پێویستە وەزیری‌ ئەوقاف وەڵامی‌ ئەو پرسیارە بداتەوە كە لەسەر چ بنەمایەك مامۆستایەكی‌ ئاینی‌ لە وتاربێژی‌‌ و ئەو پیشە پیرۆزە دوور دەخاتەوە؟ كام یاسا ڕێگەی‌ پێدەدات بەمجۆرە مامەڵە بكات؟ ئەمە بڕیاری‌ خۆیەتی‌ یان دەسەڵاتی‌ سیاسی لەسەری‌ دەسەپێنێت؟ بۆچی‌ ئەم دوورخستنەوەو سزادانانە تەنها بەرانبەر مامۆستاو مزگەوتی‌ مسوڵمانان دەكرێت‌ و ئاینەكانی‌ تر ناگرێتەوە؟
ئەو پەڕلەمانتارە ڕوونیدەكاتەوە، دوورخستنەوەی سەید ئەحمەدو مامۆستایانی تر دەكەینە تەوەری‌ بەدواداچوون‌ و گرتنەبەری‌ ڕێكاری‌ یاسایی‌‌ و پەڕلەمانی‌.