سەردێر

مەسرور بارزانی: هیوادارین ساڵی نوێ، ساڵی كۆتاییهاتنی ڕۆژە سەختەكان بێت

خەڵك-

مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێوە، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕِاستە كرد و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ا بە داخەوە لە ساڵی ڕابردوودا، چەندین كارەساتی سروشتی و ڕووداوی نەخوازراویش ڕوویاندا كە زیانی گیانی و ماددیان لێكەوتەوە، چەندین پێشمەرگەی قارەمانیش، لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و بەرگریكردن لە خاكی كوردستاندا شەهید بوون

دەقی پەیامەكە..
بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی2022،گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆك بارزانی و گشت هاونیشتمانییانی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و كەسوكار و بنەماڵەی سەربەزری شەهیدان دەكەم. هیوادارم ساڵی نوێ، هەڵگری خێر و خۆشی و ساڵی كامەرانیی و خۆشگوزەرانی و كۆتاییهاتنی هەموو ناخۆشی و قەیران و نەهامەتییەك بێت .

ساڵی ڕابردوو، سەرەڕای چەندین گرفتی دارایی و ئاستەنگی دروستكراو،حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی خستەگەڕ لە پێناو زاڵبوون بە سەر كۆسپ و بەربەستەكان و درێژەدان بە پرۆسەی چاكسازی، هەروەها بە هەماهەنگیی و هاوكاری لە گەڵ كەرتی تایبەتیش، چەندین پڕۆژەی گرنگی لە بواری بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ئەنجام دا. هیوادارین بە هاوكاری هەموو لایەك، لە ساڵی نوێشدا، بتوانین بە شێوەیەكی باشتر، خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بكەین و پڕۆژی نوێ بەگەڕ بخەین. لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خەڵكی خۆڕاگری هەرێمی كوردستان بكەم كە تێگەیشتنیان بۆ دۆخی سەختی دارایی هەبوو، هیوادارین ساڵی نوێ، ساڵی كۆتاییهاتنی ڕۆژە سەختەكان و بەردەوامبوونی كاروانی پێشكەوتنی كوردستان بێت.

هەروەها بە داخەوە لە ساڵی ڕابردوودا، چەندین كارەساتی سروشتی و ڕووداوی نەخوازراویش ڕوویاندا كە زیانی گیانی و ماددیان لێكەوتەوە، چەندین پێشمەرگەی قارەمانیش، لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و بەرگریكردن لە خاكی كوردستاندا شەهید بوون. لەم بۆنەیەدا، بە ڕێز و پێزانینێكی زۆرەوە، یادی هەموویان دەكەینەوە و هەمیشە لە یادمانن.
ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆزبێت و كوردستانیش هەمیشە ئاوەدانتر و بەھێزتر بێت .

مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان