سەردێر

كێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەركرا

خەڵك-
هەرچەندە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی نوێدا پەڕلەمانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات و بەهۆی دۆخی سیاسیشەوە ئەگەری دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ هەیە و بەوەش بودجەی ساڵی 2022 دوادەكەوێت، بەڵام ڕاوێژكارێكی سەرۆك وەزیران ئاشكرای دەكات، كە هیچ كێشەیەك بۆ مووچە دروست نابێت و مانگانە لەكاتی خۆیدا دابەش دەكرێت.

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، بۆ ساڵی 2022 هیچ مەترسییەك لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت نییە و نابێت.

ڕاشیگەیاند، خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران بێ‌ كێشە بەردەوام دەبێت، لەبەرئەوەی لەساڵی نوێشدا بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی بەركار، یەك لەسەر 12ی ئەو بودجەیە خەرج دەكرێت، كە لەساڵی 2021 پەسەندكراوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی، كاری لەپێشینە خەرجكردنی مووچە و كرێ ‌و بەخشین‌ و مووچەی خانەنشینی ‌و چاودێریی كۆمەڵایەتی دەبێت.

لای خۆشیەوە، جەمال كۆچەر، كاندیدی دەرچووی پەڕلەمانی عێراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، 200 ملیارەكەی بەغدا، كە بۆ مووچەی فەرمانبەران دەنێردرێت، بە ڕێككەوتن ناردوویەتی بۆ هەرێم و دەبێت بەردەوام بێت، چونكە پەیوەستە بە مووچەی فەرمانبەران نەك بۆ بابەتەكانی دیكە.

دەشڵێت: “پێشبینی هاتنی 200 ملیارەكە زۆرترە لە ڕاگرتنی، چونكە بابەتی قووتی خەڵكە، دەستبردن بۆ ڕاگرتنی، عەیبداری و شەرمەزارییە جا هەر كەس بیكات، هیچ لایەنێكی سیاسیش ناخوازێت لەمكاتەی دانوستاندنەكاندا بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ عێراق دووبەرەكی لەگەڵ كوردەكان دەستپێبكەنەوە و بڕیاری ڕاگرتنی پارەكە بدەن”.