سەردێر

وەزیری تەندروستی: دەوامی فەرمانبەران مەرجدار دەكرێت

خەڵك-
وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دواین بڕیار بۆ وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن فەرمانبەرانەوە ڕادەگەیەنێت و جەختیشدەكاتەوە، كە لە ساڵی نوێدا چاكسازی بنەڕەتی لە كەرتی تەندروستی دەكەن.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی ڕووداو ڕایگەیاند، لە ساڵی نوێدا چاكسازی بنەڕەتی لە كەرتی تەندروستی دەكەین، ئەویش بە زیادكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی كەرتی گشتی و كەم كردنەوەی نرخی دەرمان و خزمەتگوزاری تەندروستی لە كەرتی تایبەت.

ئاماژەی بەوەشكرد، چەند پڕۆژە یاسایەك لە بەردەم وەزارەتی تەندروستییە و لە ساڵی نوێدا دەخرێنە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسەندكردنی لە بواری ڕێكخستنەوەی كەرتی گشتی و تایبەتی تەندروستی و كەمكردنەوەی نرخی دەرمان و خزمەتگوزارییەكان و ئەنجوومەنی پزیشكان.

جەختیشی كردەوە، كە لە ساڵی نوێوە بڕیاری خۆكوتانی فەرمانبەران بە ڤاكسینی كۆرۆنا دەچێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە و دەكرێتە مەرج لەسەریان یان خۆكوتان یان هێنانی پشكنینی هەفتانەی كۆرۆنا.