سەردێر

فەرمانبەرانی گرێبەست دەكرێن بە هەمیشەیی

خەڵك-
ماوەی 8 ساڵە فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێم چاوەڕێی جێبەجێ‌ كردنی بڕیاری بە هەمیشەیی كردنیانن لەكاتێكدا ڕێنمایی دارایی بۆ دەرچووە، بەڵام حكومەتی عێراق بە بڕیارێك پێش سەری ساڵ سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەستی كردە هەمیشەیی.

حەسەن نازم، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، لە كۆتا كۆبوونەوەی ساڵی 2021ی ئەنجوومەنی وەزیران، كە دوێنێ‌ پێنج شەممە ئەنجامدرا، بڕیار درا سەرجەم ئەو فەمانبەرە گرێبەستانەی لە پێنج ساڵ زیاتر خزمەتیان هەیە بکرێن بە هەمیشەیی و بڕیارەکە سەرجەم وەزارەتەکان دەگرێتەوە .

ڕاشیگەیاند، بڕیاڕیش درا وانەبێژانی گرێبەست بۆ ساڵی نوێ بەردەوام بن لە کارەکانیان و مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج بكرێت.

ئاشكراشی كرد، 3 هەزار و 865 فەرمانبەری وەزارەتەكان و سەرۆكایەتییەكان دەكرێن بە هەمیشەیی، ئەمە جگە لە ژمارەیەك فەرمانبەری گرێبەستی میلاكی پارێزگاكان.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە سەرەڕای بوونی ڕێنمایی دارایی بۆ بە هەمیشەیی كردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان، بەڵام تا ئێستا حكومەتی هەرێم بڕیاری دامەزراندنیانی دەرنەكردووە و لە ساڵی 2019 و 2021دا بە دوو گشتاندن وەزارەتی دارایی داوای لە وەزارەتەكان كردووە زانیارییان لەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست بۆ ڕەوانە بكەن.

پێشتریش وەزارەتی دارایی لە ڕوونكردنەوەیەكدا بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ئاشكرای كردبوو، كە مووچەی پێویست بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست لەدوای دامەزراندنیان كەمتردەبێتەوە لەسەر بودجەی گشتی.

May be an image of one or more people and text