سەردێر

وڵات دەكەوێتە نێو شەپۆلی چوارەمی كۆرۆناوە؟

وەزارەتی تەندروستی وەڵام دەداتەوە

خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕوونكردنەوە دەدات سەبارەت بە هاتنەبەری شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵات.

ڕوبا فەلاح، ئەندامی تیمی میدیایی لە وەزارەتی تەدروستی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”بەپێی ئاماری ڕۆژانەی پەتای كۆرۆنا، ڕێژەی تووشبوون ئەوە دەگەیەنێت كە عیراق نەچۆتە نێو شەپۆلی چوارەمەوە”.

بە وتەی ڕوبا فەلاح:”جێگیربوون هەیە لە ئاستی تۆماركردنی تووشبوون و هیچ زیادەیەكی تێبینیكراو نییە كە ئاماژە بێت بەوەی وڵات كەوتۆتە نێو شەپۆلێكی نوێی كۆرۆناوە”.

ئەو ئەندامەی تیمی میدیایی لە وەزارەتی تەدروستی عیراق دەڵێت:”تائێستا هیچ تووشبوويیەك بە جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا (ئۆمیكرۆن) تۆمارنەكراوە، ئەمەش نابێتە ڕێگر لەوەی عیراق نەكەوێتە نێو شەپۆلی چوارەمەوە”.