سەردێر

هاتووچۆی سلێمانی په‌یامێكی به‌په‌له‌ ئاڕاستەی چێشتخانه‌ و شوێنی نیشته‌جێی سیتیه‌كان ده‌كات

خەڵك –
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، پێویستە ئەو شۆفێری ماتۆڕسكیلانەی لە چێشتخانە و خواردنگە خێراكان – فاست فوود- لە گەڵ ئاپارتمان و شوێنە نیشتەجێی سیتییەكان كاردەكەن مۆڵەتی لێخوڕینیان هەبێت و تا 1/2/2022 ماوە هەیە و مۆڵەتی لێخورینی ماتۆرسكیل بەدەست بێنن.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا بۆ گشت چێشتخانە و خواردنگە خێراكان – فاست فوود- لەگەڵ ئاپارتمان وشوێنە نیشتەجێی سیتییەكان، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و سەلامەتی لە رووداوەكانی هاتووچۆ و پاراستنی سیمای شار داواكارن شۆفێری ئەو ماتۆڕسكیلانەی لەلاتان كار دەكەن پابەندی ڕێنماییەكانی هاتووچۆ بن.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە داواكارین هەمووان هەماهەنگ و هاوكارمان بن لە پێناو ئەو ئامانجە پیرۆزە و دڵنیاتان دەكەینەوە، كە بژاردەی سزادان و دەست بەسەرداگرتن بەسەر ماتۆڕسكیلەكان دوایەمین بژاردەیە لامان كە بەناچاری دەیگرینە بەر.

پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بكرێت:
1. پێویستە ئەو شۆفێرانەی لەلاتان كار دەكەن وەك (شۆفێری ماتۆڕسكیل) مۆڵەتی لێخوڕینیان هەبێت و ئەوانەی بەدەستیان نەهێناوە، بەڕێوەبەرایەتیمان لە چوارچێوەی یاسا هاوكاریان دەبێت لە بەدەستهێنانی ئەو مۆڵەتە یاساییە وە تاكو بەرواری 1/2/2022 ماوە ھەیە كە بێن بەرەو پیری ئەم بانگەوازەوە ومۆڵەتی لێخورینی ماتۆرسكیل بەرێكارە یاساییەكان بەدەست بێنن.
2. پێویستە شۆفێرەكان هۆكارەكانی سەلامەتی پەیڕەو و بەكار بهێنن وەك كڵاوی سەرپارێز و دەستكێش و پارێزگاری كردن لە ئەنیشك و كڵاوەی ئەژنۆ و تاكو بەرواری 3/1/2022 كاتیان لەبەردەستە بۆ دابین كردنی ئەم كەرەستانە كە سەلامەتی ئەو شۆفێرانەی پێوە بەندە.بەڵام بەردەوام ولەوماوەیشدا ھەرسەرپێچیێكی ھاتوچۆییان لێ بەدی بكرێت وەك پابەند نەبوون بەترافیكلایت یاخود رۆیشتن بەپێچەوانەی ئاراستەی شەقام یان لێخورینی ماتۆرسكیل لەلایەن مێردمنداڵ ولەخوار تەمەنی یاسایی وسەرپێچییەكانی دیكەی یاسای ھاتوچۆ ئەوا لێپرسینەوە بەپێی یاسا ودەستگرتن بەسەر ئەو ماتۆرسكیلە لەلایەن مەفرەزەكانی ھاتوچۆ پەیرەو دەكرێت .
3. پێویستە ماتۆڕەكان سەرجەم مەرجەكانی توندوتۆڵیان تیادابێت وەك ڕووناكییەكانی پێش و دواوەو فلاشەرەكان و ئیستۆپ و نابێت بەهیچ شێوەیەك دەنگی صالنصاكانیان بەرزو بێزاركەر بێت واتە ئاسایی بێت. ھەروەھا پێویستە ماتۆرسكیلەكانیان كۆدێكی روون وخوێندراوی پێوە بێت بەمەبەستی ناسینەوەیان .
4. لای خۆتانەوە شۆفێرەكانتان هان بدەن و ڕێنماییان بكەن بە پابەندبوون بە یاساكانی هاتووچۆ و لەوانەش پابەندبوون بە گڵۆپی ترافیك لایت و ئاماژە دەستییەكانی كارمەندانی هاتووچۆ و دووركەوتنەوە لە ڕۆیشتن بە پێچەوانەی شەقام و پێشبڕكێ لەسەر شەقامەكان و هەر كارێكی مەترسیدار و سەرپێچی دیكە.
5.ھەرەوھا سەبارەت بە ئەپارتمان و جێگا سیتی یەكانی نیشتەجێبوون داوا لەئیدارە وبەشی سیكێورەتییەكانیان دەكەین كەھاوكارمان بن لەسەرخستنی ھەڵمەتی رێكخستنی كاری ماتۆرسكیلەكان كەرێگا نەدەن بەو شۆفێرانەی ماتۆرسكیلی دیلیڤەرییان پێیە وھۆكارەكانی سەلامەتی بەكارناھێنن وەك كڵاوی سەرپارێز وپارێزگاری لەئەنیشك وكڵاوەی ئەژنۆ بێنە ناو سنووری ئەپارتمان وستییەكانیان.
6.بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی جەخت لەوە دەكات ئامانجمان دروستكردنی گرفت و ئاستەنگ نییە بۆ بژێوی هاوڵاتییان یاخود دەست بەسەرداگرتنی ماتۆڕسكیلەكانیان ،بەڵكو ئامانجمان فەراهەمكردنی رەوشێكی ئارام و لەبار لەسەر شەقامەكان و نەهێشتنی دیاردە نەشیاوەكان و سەرپێچی و بێزاركردنی هاوڵاتییان بە ژاوەژاوی ئەو ماتۆڕسكیلانەو پاراستنی ژیانی هاوڵاتییان بە گشتی و بەتایبەتیش خودی شۆفێری ماتۆڕسكیلەكانە لە ڕووداو و كارەساتەكانی هاتووچۆ.