سەردێر

كاتی دەستپێكردنەوەی ڕێكارە تەندروستییەكان لە مەككە و مەدینە دیاریكرا

خەڵك-
بەمەبەستی پاراستنی گیانی نوێژخوێنان لەناو حەرەمی پیرۆزی مەككە و مەدینە بە تایبەت لەكاتەكانی نوێژدا و دووركەوتنەوەی نێوان نوێژخوێنان، لە ڕۆژی پێنج شەممەوە ڕێكارە تەندروستییەكان جێبەجێ دەكرێنەوە.

دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە بڕیاریدا بە قەدەغەكردنی گەشتی حەج و عومرە و دواتر بەپێی چەند ڕێكارێكی تەندروستی وەك دووركەوتنەوەی كۆمەلایەتی و بەستنی ماسك و لە ئێستاشدا وەرگرتنی ڤاكسین ڕێگە بە گەشتی عومرە درا.

كاروان ستوونی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێم بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بەپێی بڕیاری نوێی سعودیە، دووبارە ڕێكاری دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی لە نێو هەردوو حەرەمی مەككە و مەدینە بەتایبەتی لەكاتی نوێكردندا جێبەجێ دەكرێتەوە.

ڕاشیگەیاند، ئەو بڕیارە لە پێناو بەرژەوەندی عومرەكاران و نوێژخوێنان و پاراستنیانە لە تووشبوون بە نەخۆشی و لە ڕۆژی پێنج شەممەوە جێبەجێ‌ دەكرێن.

لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی كەمبوونەوەی مەترسی نەخۆشییەكە ژمارەی عومرەكاران زۆر زیادی كرد و ڕێكارەكانی تەندروستی ئاسانكارییان تێدا كرا، بەڵام لە ئێستادا جۆرێكی گۆڕاوی دیكەی كۆرۆنا (ئۆمیكرۆن) مەترسی هەڵكشانەوەی تووشبوونی دروست كردووە و وڵاتانی ناچار كردووە بە گرتنەبەری ڕێكاری توندتر.