سەردێر

بڕیارێك دەربارەی پێدانی غاز دەرچوو

خەڵك-
بە مەبەستی ڕێگری لە قۆرغكاری و لێپێچینەوە لە گرانفرۆشی بڕیار دراوە هەر بریكارێكی فرۆشتنی غاز ناو و بەڵگەنامەی ئەو نانەواخانە و سەموونخانانە پێشكەشی سامانە سروشتییەكان بكات، كە غازیان بۆ دەبات.

سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە هەندێك لە بریكارەكانی فرۆشتنی غاز فێری ئەوە بوون بڕێكی زۆر غاز وەردەگرن بە بیانووی ئەوەی غاز بە نانەواخانە و سەموونخانە و دوكانی مریشك فرۆشەكان دەدەن، بەڵام بەو جۆرە نییە و هەیانە یەك بۆ دوو شوێنی لایە و كەمێكی بە هاووڵاتیان دەفرۆشێت و ئەوەی تری بە زیادە بە شوێنی تر دەفرۆشێتەوە.

ڕاشیگەیاند، بەدواداچوون و لێپرسینەوەیان لەسەر ئەو بابەتە دەستپێكردووە و داوایان كردووە هەر بریكارێك چەند نانەواخانە و سەموونخانەی لایە وێنەیەك لە مۆڵەتەكانیان بهێنێت تاكو بەپێی ئەوە غازیان بۆ ئەو شوێنانە پێ‌ بدەن و ئەوەی تری بۆ هاووڵاتیان بێت.

جەختیشی كرەوە، ڕێگری لە قۆرخكاری دەكەن و ناهێڵن لەژێر هیچ بیانوویەكدا بەشی غازی هاووڵاتیان كەم ببێتەوە و بە گران لەشوێنی دیكە بفرۆشرێتەوە.

بەپێی زانیارییەكان، پێویستە سەرجەم نانەواخانە و سەموونخانە و مریشك فرۆشەكان كۆپی ملەوەنی بەڵگەنامەكانیان بكەن و (ناو و ژمارەی تەلەفۆن)ی لە پشتی كۆپیەكە بنووسن و ڕۆژانە چەند بتڵ غازیان دەوێت دیاری بكەن، پاشان لە كارگەكانەوە تەلەفۆنیان بۆ دەكرێت.