سەردێر

عێراق، لەسەر داخستنی ناوەندەكانی خوێندن ڕوونكردنەوە دەدرێت

خەڵك-

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی گۆڕاوی ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی كۆرۆنا پەنا نابەینەبەر ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی ناوەندەكانی خوێندن.

سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ئۆمیكرۆن، وەزارەتی تەندروستی نیازی ئەوەی نییە كە هاتوچۆی گشتی قەدەغە بكات و ناوەندەكانی خوێندن دابخات.
وتیشی”لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی گۆڕاوەكە لە عێراق، ئەوا وەزارەتی تەندروستی ڕاسپاردەكانی خۆی بۆ لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانیی بەرز دەكاتەوە، بۆ ئەوەی لیژنەكە بڕیاری گونجاو لەوبارەوە دەربكات”.

ئاشكراشیكرد، لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ئۆمیكرۆن، وەزارەتی تەندروستیی هەوڵی زیاتر دەدات بۆ ئەوەی زۆرترین هاووڵاتی ڤاكسین وەربگرن.