سەردێر

“نابێت هێزە كوردییەكان بەجیا ئەجێندای خۆیان لە بەغدا بەرنەپێشەوە”

خەڵك-

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، فرە ڕەنگی كورد لە بەغدا شتێكی ئاساییە و لای لایەنە شیعی و سونەكانی ئەوە بوونی هەیە.

كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەتی داهاتوو بەردەوامە، بەڵام تاكو ئێستا كورد یەك دەنگ نەبووە لەسەر دروستكردنی وتارێكی یەكگرتوو و تا ئێستا وەك چوار لایەنی جیاواز لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كۆبوونەتەوە.

عەبدوڵلا ڕێشاوی چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، فرە بۆچوونەكان لە هەرێم كێشەیە بۆ هەرێم كە بەو شێوەیە جیاجیایە دەڕۆنە بەغدا، ئەگەر یەك وتار و یەك كوتلە بوونایە بەهێزتر دەبوون، ئەویش لەبەر پرسی كورد، چونكە پرسی كرد لە بەغدا زیاتر بابەتی مافە بەتایبەت لە ناوچە كێشەلەسەرەكان و بودجە و مووچە.
دەشڵێت”ئەگەر هێزێك بتوانێت ئەو گرفتانە یەكلایی بكاتەوە كێشەمان نییە، بەڵام دەبێت كورد وەكو نەتەوەیەك مامەڵەو دانوستان لەگەڵ بەغدا بكات و نابێت هێزەكان بەجیا ئەجێندای خۆیان لە بەغدا بەرنەپێشەوە”.

ئاشكراشیكرد، لە بەغدا و لای لایەنەكانیش ئەو دابەشبوونە هەیە، ئەوەتا شیعە و سونەش چەند دەنگن و ئەگەر كوردیش فرە دەنگ بێت شتێكی سەیر نییە و ئەوانیش جیاوان، بەڵام باشتر وابوو كورد یەك دەنگ و یەك وتار بێت و داخوازی نەتەوەیی و یاسایی هەبێت نەك داخوازی پۆست، بەڵام دیارە حكومەتی عێراق بۆ بابەتی پشك پشكێنە و پۆستە زیاتر لەوەی بۆ بابەتی خزمەتكردنی خەڵك بێت.