سەردێر

ژمارەی قوربانیان و پێكدادانەكانی نێوان ئێران و حزبەكانی ڕۆژهەڵات ئاشكرا كران

خەڵك-

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت لەماوەی ئەمساڵدا بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان حزب و لایەنە كوردستانییەكان و هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران نزیكەی ٣٠ كەس گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.

ناوەندی ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ئامارێكیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لەماوەی ساڵی ٢٠٢١ دا، لانیكەم ١٢ پێكدادان لە كوردستان ڕوویداوە كە بەروارد بە ساڵی ڕابردوو 8 حاڵەت كەمتر بوو.

هەنگاو ئاشكرایدەكات، لە ئەنجامی ئەو پێكدادانانەدا ١٣ ئەندامی سوپای پاسداران، هێزی ئینتزامی و ئەندامی بەسیجی ئێران كوژراون و لە بەرانبەردا ١٣ ئەندامی حزبە كوردستانییەكان كوژراون و ٣ گەریلاش بە دیل گیراون.

ڕوونیشیدەكاتەوە، پێكدادانەكان زۆرترینیان لە پارێزگای ئورمیە تۆمار كراوە كە لە كۆی ئەو ١٢ پێكدادانە ٩ حاڵەتیان لە پارێزگای ئورمیە ڕوویداوە، هاوكات لە پارێزگای سنەش ٣ حاڵەتی پێكدادان تۆمار كراوە.

بەپێی ئامارەكەی هەنگاو، لە كۆی ئەو پێكدانانە پژاك و پەكەكە بەرپرسیارێتی ٦ تێكهەڵچوونیان لەئەستۆ گرتووە و حزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا) و گرووپەكانی نزیك لەو حزبە (هەڵۆكانی زاگرۆس) ٦ پێكدادانیان ئەنجامداوە، لە ئەنجامدا ٩ گەریلای پژاك و پەكەكە و ٤ پێشمەرگەی حزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و لانیكەم ٢ گەریلای پژاكیش لە ناوچە سنوورییەكانی پارێزگای سلێمانی بەهۆی بوردمانی فڕۆكە شەڕكەرەكانی توركیاوە گیانیان لەدەستداوە.

سەبارەت بە تۆپباران و هێرشی ئاسمانی ئێران، هەنگاو ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١ سوپای پاسداران ١٠ جار بەرزاییەكانی كوردستانیان تۆپباران كردووە و دوو جاریش بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بنكەكانی حزبەكانی ئۆپۆزێسیۆنیان لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان كردوەتە ئامانج كە زیانی گیانییان نەبووە و تەنیا زیان بە ژینگەی ناوچەكە گەیشتووە.

ئامارەكەی هەنگاو ئاشكرایدەكات، لە ماوەی ئەمساڵدا، لانیكەم ١٨ گەریلای ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ڕیزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و حزبەكانی نزیك لەو حزبە، لە باكوور، باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان گیانیان لەدەستداوە.

هەنگاو جەخت لەوەش دەكاتەوە، تەنها لەمساڵدا لانیكەم ٤ چالاكی سیاسی كورد لە شارەكانی پێنجوێن و سلێمانی و هەولێر لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەكانی ئێرانەوە تیرۆر كراون.