سەردێر

عامری دواكاتی بۆ سوپای ئەمریكا دیاریكرد

خەڵك-
سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح دواكات بۆ دەرچوونی سوپای ئەمریكا لە عێراق دیاری دەكات و ڕایدەگەیەنێت، كە دەبێت بنكەكانی هەریر و عەین ئەسەد بدرێنەوە هێزە عێراقییەكان.

هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دەبێت تاوەكو 31ی ئەم مانگە سەرجەم هێزە بیانییەكان لە عێراق بكشێنەوە و هیچ هێزێكی شەڕكەریان لە ولاتدا نەمێنێت.

ڕاشیگەیاندووە، كە نابێت لەژێر هیچ بیانوویەكدا هێزی شەڕكەری بیانی بمێنێتەوە و ئەو هێزانەشی وەك ڕاوێژماری سەربازی دەمێننەوە دەبێت لەلایەن فەرماندەیی هێزە سەربازییەكانەوە دیاری بكرێن.

جەختیشی كردۆتەوە، دەبێت سەرجەم بنكە سەربازییەكان و لەنێویشیاندا بنكەی (هەریر و عەین ئەسەد) ڕادەستی هێزە عێراقییەكان بكرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هێزە سەربازییەكانی عێراق ئەوە دیاری دەكەن، كە وڵات پێویستی بە چەند ڕاوێژكار و مەشقپێكاری بیانی هەیە لەگەڵ دیاری كردنی هۆكار و پێویستییەكان بە ڕوونی.