سەردێر

عیراق و هەرێم، كەمترین ڕێژەی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا تۆماركرا

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 225 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 390 كەسیش چاكبوونەتەوە، 7 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدا كە 3 كەسیان لە پارێزگای سلێمانی بوون.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 12 هەزار و 634 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 225 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش بە ژمارەیەكی كەمتری تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە لە وڵاتدا دادەنرێت.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە كەركوك و سلێمانی و هەولێر و دهۆك تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە كەركوك 59 لە سلێمانی 49 و لە هەولێر 23 و لە دهۆك 17 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 390 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە هەولێر و كەركوك و سلێمانی و بەغدا و دهۆك تۆماركراون، وێڕای گیان لەدەستدانی 7 كەس بە پەتاكە كە سیانیان لە پارێزگای سلێمانی بوون.