سەردێر

دادگای فیدراڵی عیراق ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند دەكات

خەڵك-

دادگای فیدراڵی عیراق، ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی 10ی تشرینی یەكەمی ڕابردوو پەسەند دەكات.

بەپێی بەیاننامەیەكی كورت كە لەلایەن دادگای فیدراڵەوە بڵاوكرایەوە”دادگای باڵای فیدراڵ، ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی پەسەند كرد”.

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە، دادگای فیدراڵی عیراق، لە پاش تاوتوێكردنی ئەو تانانەی لەسەر پرۆسەكە پێشكەشكرابوون، بەشێوەیەكی فەرمی  ئەنجامى هەڵبژاردنە پەرلەمانییە پێشوەختەكەی 10ی تشرینی یەكەمی ڕابردووی پەسەندكرد.

پێشتر دادگای فیدراڵ، بڕیاری یەكلاكەرەوەی دەركرد سەبارەت بەو سكاڵایەی لەلایەن هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن پێشكەشكرابوو.

بەپێی زانیارییەكان، دادگای فیدراڵی وەڵامی سكاڵای هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی دایەوە و ڕایگەیاند كە هەموو حزبێكی سیاسی بۆی هەیە لەماوەی سێ‌ ڕۆژ لەدوای ڕاگەیاندنی فەرمی تانە  لە بڕیاری ئەنجومەنەكە بدات.

دادگای فیدراڵ، تاكە لایەنە كە دەسەڵاتی هەیە چارەسەری ئەو كێشانە بكات كە لە ئاكامی هەڵبژاردنەوە دروستدەبن.