سەردێر

خۆپێشاندان لە بەغدا دەستیپێكرد

خەڵك

خۆپێشاندانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە بەغدا دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەستیپێكرد.

بەپێی زانیارییەكان خۆپێشاندانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە بەغدا دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەستیپێكرد و هەوڵ دەدەن بچنە ناوچەی سەوز و باڵەخانەی دادگای فیدراڵییەوە.

هاوكات هێزێكی ئەمنی زۆر لەنێو بەغدا و ناوچەی سەوز و دەوروپشتی باڵەخانەی دادگای فیدراڵی بڵاوەی پێكراوە.

هاوكات هێزە ئەمنییەكان بەشێك لە رێگا و شەقامە سەرەكیی و پردەكانیان داخستووە.

بڕیارە ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانی 10ی ئۆكتۆبەر پەسەند بكات.

هەرچەندە بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان دوای چەند جارێك دواخستن پەسەند بكرێت، بەڵام هێشتا بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی پەسەندی ئەنجامەكانی نەكردووە و راشیگەیاندووە دادگا لەژێر گوشاری لایەنی دەرەوەییدا ئەنجامەكان پەسەند دەكات.

لە هەڵبژاردنەكەدا لایەنەكانی سەر بە حەشدی شەعبی زیانێكی گەورەیان كرد، بەڵام دەڵێن ئەنجامەكان ساختەن و رەتیدەكەنەوە.