سەردێر

بیمەی تەندروستی بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دەكرێتەوە

خەڵك-
دوابەدوای دەرچوونی یاسای بیمەی تەندروستی لە پەڕلەمانی عێراق، كە بڕێكی كەم لە مووچەی فەرمانبەران لەبەرامبەر بیمە دەبڕدرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بیمەی تەندروستییە و بڕیارە بەم زووانە ڕەوانەی پەڕلەمانی بكات.

بەختیار شوكری، ئەندامی لیژنەی تەندروستی پەڕلەمانی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە حكومەتی ھەرێمی كوردستان خەریكی ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بیمەی تەندروستییە بۆ ھاووڵاتییان و دوای تەواوبوونی، پڕۆژە یاساكە ڕەوانەی پەرلەمان دەكرێت و دوای دەرچوونی یاساكە ھاووڵاتییان لە ڕووی تەندروستییەوە سوودمەند دەبن لە ھەموو خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی، ھەر لە نەشتەرگەرییەوە بگرە تا كۆتایی و بە نرخێكی زۆر گونجاو چارەسەر وەردەگرن.

ڕاشیگەیاندووە، مەبەست لە پڕۆژەكە ئەوەیە، كە ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان ھاوشێوەی ھاووڵاتییانی جیھان ببنە خاوەن بیمەی تەندروستی خۆیان و سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان و بۆ ئەوەش نموونەی چەند وڵاتێك لەبەردەستە بۆ ئەوەی سوودیان لێ وەربگرین.

بەپێی یاسای بیمەی تەندروستی عێراق، كە ڕۆژنامەی وەقائعی عێراق بڵاویكردۆتەوە و وێنەی دەست (خەڵك) كەوتووە، بەشێوەی ناچاری و زۆرەملێ‌ مانگانە بڕێك پارە لە مووچەی فەرمانبەران بۆ بیمەی تەندروستی دەبڕدرێت و بڕی لێبڕینەكەش بەپێی پلەی وەزیفی فەرمانبەرەكە دەبێت، كە تا پلەی وەزیفییەكەی بەرزتربێت پارەی لێبڕدراو لە مووچە زیاتر دەبێت و بەڕێژەی 1% بۆ 2.5% دیاری كراوە.

بەپێی یاساكە، مانگانە بۆ پلە باڵاكان بڕی 100 هەزار دینارە و بۆ پلەكانی (یەك و دوو و سێ‌) بڕی 50 هەزار دیناری مانگانە دەبێت و بۆ ئەو فەرمانبەرانەی لە پلەكانی (چوار و پێنج و شەش)دان بڕی 25 هەزار دەبڕدرێت و بۆ پلەكانی خوارتر بڕی 10 هەزار دینار بۆ بیمەی تەندروستی دەبڕدرێت.

ئەم بڕیارەی حكومەتی عێراق لەگەڵ جێبەجێ‌ كردنی بەشێكی زۆری فەرمانبەرانی كوردیش لە ناوچە كوردستانییەكان و هەروەها ئەو فەرمانبەرانەی هەرێم، كە سەر بە فەرمانگە فیدڕاڵییەكانن و لەسەر بەغدا مووچە وەردەگرن دەگرێتەوە.