سەردێر

شەمەندەفەری كورد و سوننە لە عێراق كەوتەڕێ‌ و چاوەڕێی شیعە دەكەن

كێكەكە لەنێوان هێزە گەورەكان دابەش دەكرێتەوە

خەڵك-
دوای هەڵبژاردنە پەڕلەمانییەكەی ئۆكتۆبەری ڕابردوو ناوماڵی شیعە پەرتەوازە بوون و بەرەو ڕێگایەكی نادیار هەنگاو دەنێت و هەریەكەی بە ئاڕاستەی ڕێگایەك، بەڵام كورد و سوننە دەرگایەكی فراوانی ڕێككەوتن بەڕوویاندا كراوەتەوە بۆ سەركەوتن لە شەمەندەفەری پێكهێنانی حكومەت و بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر بەهۆی ڕێككەوتنی ناوخۆیی حزبە گەورەكانیان.

لە 10ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، واتە دوو مانگ و نیوە هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەڕلەمانی عێراق كراوە، بەڵام بەهۆی ڕەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەلایەن بەشێكی هێزە شیعەكان و ململانێی پێكهێنانی حكومەت و ناونانی گەورەترین كوتلەی پەڕلەمانی تاوەكو ئێستا ئەنجامەكان لە دادگای فیدڕاڵی پەسەند نەكراون و ناو ماڵی شیعە بە دوو ڕێگادا دابەش بووە.

هێزە شیعەكان لەبەردەم دووڕیانێكدان
فازڵ ئەبو رەعیف، چاودێر و توێژەری سیاسی لە تویتەری خۆی ئاماژەی بەوەكردووە، هێزە شیعەكان لەبەردەم ڕێگای جیاوازدان لەكاتێكدا هێزە سوننەكان توانیویانە ناكۆكییەكانیان تێپەڕێنن لەڕێگەی كۆبوونەوەكانیانەوە و هەروەها هێزە كوردییە گەورەكانیش ڕێككەوتنیان كردووە.

ئەو چاودێرە سیاسییە پێی وایە، “هێزە شیعەكان لەبەردەم دووڕیانێكدان، یان بەردەوام بوون لەسەر ئەو ئیدارەدانەی ئێستای قەیرانەكان و دواتر بردنی وڵات بە ئاڕاستەی نادیار، یان پێشكەش كردنی تەنازول و ڕێككەوتن لەپێناو عێراق.

لە ئێستادا گۆڕەپانی سیاسی عێراق لە هەوڵی جدی و یەكلاكەرەوەدایە بۆ یەكخستنی بەرەیەكی هێزە سونییەكان و پێكهێنانی ماڵێكی یەكگرتووی سوننی و هەروەها یەكخستنی هەڵویستی هێزە كوردییەكان دوای چەندین ساڵ لە ململانێ‌ و ناكۆكی لەسەر پۆستە سیادییەكانز

كێكەكە لەنێوان هێزە گەورەكان دابەش دەكرێتەوە
ئاژانسی (المسلە)ی عێراقی لە زاری ڕێبین سەلام، كادری پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بڵاویكردۆتەوە، كە كوردەكان بە گرنگییەوە چاودێری ڕێڕەوی گفتوگۆكانی نێوان سەدرییەكان و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دەكات.

ڕاشیگەیاندووە، نیگەرانییەك هەیە، كە ئەو ڕێككەوتن و ڕەواندنەوەی ناكۆكییەكان لەسەر حسابی پشك پشكێنەی سیاسی و تائیفی بێت.

لای خۆشیەوە، سلێمان هادی، چالاكوانی سیاسی عێراقی وتویەتی، “حكومەتی تەوافوقی لەسەر بنەمای دابەشكردنی پۆستی وەزارەتەكان و دەستكەوتەكان لەسەر هەمووان بەبێ‌ بێ بەشكردنی كەس و بەبێ‌ مەرجی ژمارەی كورسی دەبێتە پشك پشكێنە”.

هەروەها ئەحمەد مووسەوی، چاودێری سیاسی ڕایگەیاندووە، حكومەتی تەوافوقی لەسەر بنەمای پشك پشكێنە شكست دەهێنێت، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەزموونی حكومەتی تەوافوقی شیعە- شیعە نەكراوە، كە لە نێوان پێكهاتەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بكرێت.

لە ئێستادا ئاماژەكان بەرەو ئەوە دەچن، كە ڕێككەوتن قورس بێت لەنێوان لایەنە شیعەكان ئەوەش بەهۆی لێدوانی بەرپرسە باڵاكانی ئەو هێزە شیعانەوە.

كورد و سوننە سواری شەمەندەفەرەكە بوون و چاوەڕێی شیعە دەكەن
لای خۆشیانەوە، هێزە سوننی و كوردییەكان چاوەڕێی هەڵوێستی ناو ماڵی شیعین، كە هەڵوێستێكی یەكگرتوویان هەبێت سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو.

عەلا كنانی، نووسەری عێراقی ئاماژەی بەوەكردووە، هەر ململانێیەكی شیعی- شیعی لە بەرژەوەندی عێراق نابێت، چونكە دەبێتە هۆی پشێوی و تێكدانی ئاسایشی وڵات.

لە ئێستادا هەریەكە لە ڕەوتی سەدری و چوارچێوەی هەماهەنگی باس لە توانای خۆیان دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، هاوكات جەخت لەوەدەكەنەوە، كە لەگەڵ هێزە كوردی و سوننییەكانی براوەی هەڵبژاردن گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن.

ساڵی 2021 بەرەو كۆتایی دەڕوات و تا ئێستا حكومەتی نوێ‌ پێكنەهێنراوە ئەوەش بەهۆی ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعی و دادگای فیدڕاڵیش ئەمڕۆ جارێكی دیكە یەكلایی كردنەوەی تانەكانی دواخست و وەك چاودێرانی سیاسی باسی دەكەن، “فشارێكی دەرەكی لەسەر دادگای فیدڕاڵی هەیە”.

شەمەندەفەری ڕێككەوتنی شیعەكان دەگاتە جێ‌؟
دادگای فیدڕاڵی ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا جەختی كردەوە، كە سبەینێ‌ دوو شەممە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن و یەكلایی كردنەوەی تانەكان ڕادەگەیەنن.

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی تانەكانیش، پێكهێنانی حكومەتی عێراق لە سەر سكەی شەمەندەفەری ڕێككەوتنی لایەنە شیعییەكان دەمێنێتەوە، بەتایبەت، كە ساڵی نوێ‌ پێویستە بە پەسەند كردنی بودجەیە و زۆربەی سێكتەرە خزمەتگوزارییەكان و ژیانی هاووڵاتیان و هەلی كار و دامەزراندن لەسەر پێكهێنانی حكومەت وەستاوە لەكاتێكدا حكومەتی ئێستا كاربەڕێكەرە و تەنها دەسەڵاتی خەرج كردنی یەك لەسەر 12ی بودجەی دەمێنێ‌ لە ساڵی نوێدا.