سەردێر

ڕاوێكارێكی بارزانی هەڵوێستی لەسەر هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان ڕاگەیاند

خەڵك-ئارام سەردار

ڕاوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پارتی و یەكێتی وەك دوو براوەی سەرەكی هەردوولا تەبان تاوەكو بە بەرنامەیەكی هاوبەش و بەهێزەوە بەشداری بكەن لە بەغدا، لەهەمان كاتدا ڕەتیشی دەكاتەوە باسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان كرابێت و جەخت دەكاتەوە، پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنە لەوادەی خۆیدا.

دڵشاد شەهاب، ڕاوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرۆكایەتی هەرێم لەڕابردووشدا چەتری كۆكەرەوەی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم بووە، گەرەنتی كاری سیاسی و هەموو مافەكان بۆ هەر لایەنێك دەستەبەرە.

دەشڵێت: “هێشتا دەرەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە پەسەند نەكراوە، هیوادارین لەدانیشتنی ئەمڕۆ پەسەند بكرێت، شێوازێكی جیاوازی هەڵبژاردن پەیڕەوكراوە و پێكهاتەی ئێستای عیراق پێویستی زیاتر بەلێكتێگەیشتن و نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسیەكان هەیە، بەتایبەت ئەو عورفە سیاسیەی هەبووە سەرۆك وەزیران لەشیعە بووە، ئێستاش گفتووگۆكان نەگەیشتوون بەوەی كێ حكومەت پێكبهێنێت یان ناوێك دیاری كرابێت، بەڵام گفتووگۆكانیش نەگەیەشتوونەتە بنبەست”.

ئاماژە بۆئەوەشكرد، پێشنیاری حكومەتی زۆرینە و شەراكەتی نیشتیمانی و تەوافووق هەیە، ئێمەش وەك هەرێمی كوردستان نابیە لایەنگر لەیەكلاكەرەوەی گفتووگۆی لایەنە شیعەكان، لەهەمان كاتدا تەماشاكاریش نابین بۆ یاریە سیاسیەكان و ئێمە بەدوای یاریەكەوە بین، بەڵكو ڕۆڵی خۆمان دەبینین بۆ ئەوەی گەرەنتی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی عیراق بكرێت، دەرەنجامەكانیش پەسەندبكرێت پێمان وایە حكومەتێكی بنكەفراوانی تەوافووقی نیشتیمانی پێكدێت.

دڵشاڕ شەهاب ئەوەشی خستەڕوو، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان گفتووی لایەنەكان دەست پێدەكات سەرەڕای ئەوەی هەندێ لایەن بەشداری ناكەن، بەڵام لەگەڵ چوارچێوەیەكی گشتین بۆ پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستان، گومانیش لەوەدا نیە پارتی و یەكێتی وەك دوو براوەی سەرەكی هەردوولا تەبان تاوەكو بەبەرنامەیەكی هاوبەش و بەهێزەوە بەشداری بكەن لە بەغدا.

سەبارەت بەڕێككەوتن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن ناوبراو ڕەتی كردەوە، كەوا هیچ باسێكی دواخستنی هەڵبژاردن لەگەڵ پارتی كرابێت و ناشكرێت، چونكە بەپێی یاسا كاتی هەڵبژاردن دیاری كراوە، لەناو پەڕلەمانیش گفتووگۆی جدی هەیە بەتایبەت كەمتر لەساڵێك ماوە بۆ هەڵبژاردن، وەك پارتیش لەگەڵ هەڵبژاردنین لەكاتی خۆیدا.

لەبارەی كشانەوەی ئەمریكا، ڕاوێژكاری سەرۆكی هەرێم باسی لەوەكرد، دوای سەردانی مەكگۆڕك، جەختكرایەوە كەوا پشتیوانی ئەمریكا بۆ پڕۆسەی سیاسی لەعیراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەت بەردەوام دەبێت، ئەركی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكاش دەگۆڕێت، پشتوانیەكانیش بەتایبەت دژی تیرۆر بەردەوام دەبێت.