سەردێر

جیهان.. زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن تووشبووی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە

خەڵك
ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە سەرانسەری جیهاندا دوای تووشبوونیان به پەتای‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (Covid-19) چاكبوونەتەوه، ٢٥٠ ملیۆن كەسی تێپەڕاند.

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە ماڵپەری “Worldometer”دا بڵاوكراونەتەوه كە پشت بە ئامارە نوێیەكانی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ دەبەستێت لە جیهاندا، ٢٥٠ ملیۆن و ٦٦ هەزار و ١٦٤ كەس توانیوویانە بەسەر نەخۆشیەكەدا سەربكەون.

ئەو سێ وڵاتەی زۆرترین حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنایان تیادا تۆمار كراوە، بە هەمان شێوە زۆرترین ژمارەی چاكبوونەوە لەو وڵاتانەدا تۆمار كراوە.

بە چاكبوونەوەی ٤١ ملیۆن و ١٨٤ هەزار و ٦١٨ تووشبوو، ئەمریكا لە پلەی یەكەمدا دێت و بە دوای ئەویشدا بە چاكبوونەوەی ٣٤ ملیۆن و ٢٣٠ هەزار و ٣٥٤ كەس هیندستان و بە چاكبوونەوەی ٢١ ملیۆن و ٤١٤ هەزار ٣١٨ كەس بەڕازیل ریزبەندی دووەم و سێیەمیان گرتووە.

هەروەها تا ئێستا، زیاتر لە‌ هەشت ملیۆن و ٩٢٢ هەزار تووشبوو لە توركیا چاكبوونەتەوە.

ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ كە لە كانوونی یەكەمی ٢٠١٩ لە شاری وهان لە چین سەری هەڵدا لە ماوەیەكی كورتدا، بە زیاتر لە ٢٠٠ وڵات و هەرێمدا بڵاوبووەتەوە و بووە‌ پەتایەكی جیهانگیر.

لە كاتێكدا لەسەرتاسەری جیهان ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە پەتاكە گەیشتووەتە ٢٧٩ ملیۆن و ٨٤٥ هەزار و ٦٥ حاڵەت، كۆی گشتیی ئەوانەی بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و ٤١٣ هەزار و ٤١٧ كەس.

هەروەها هێشتا زیاتر لە ٢٤ ملیۆن و ٣٦٦ هەزار تووشبوو چارەسەری پزیشكیی وەردەگرن.

سەرچاوە: ئاژانسی ئەنادۆڵۆ