سەردێر

سلێمانی.. هۆشداری دەدرێتە شۆفێرانی ماتۆڕسكیل

خەڵك
شۆفێرانی ماتۆڕسكیل ئاگادار دەكرێنەوە لەوەی خۆیان بەدوربگرن لەدیاردەی رۆشتن بە پێچەوانەی شەقام، هەر شۆفێرێك ئەو سەرپێچییە ئەنجامبدات لەلایەن مەفرەزەكانی هاتوچۆوە دەست بەسەر ماتۆڕەكەیدا دەگیرێت.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ‎ماوەیەكە دیاردەی رۆشتن بە پێچەوانەی شەقام لەلایەن هەندێك لە شۆفێرانی ماتۆڕسكیلەوە بەدیدەكرێت كە ئەمەش پێچەوانەی یاساكانی هاتوچۆیە و مەترسی دروستبونی روداوەكانی هاتوچۆ زیاد دەكات.

لەڕاگەیانراوەكەدا ئەوەش هاتووە، ئاگاداری شۆفێرانی ماتۆڕسكیل دەكەین، خۆیان لەم جۆرە سەرپێچییە بە دور بگرن، هەر شۆفێرێكی ماتۆڕسكیل ئەم سەرپێچییە ئەنجامبدات لەلایەن مەفرەزەكانی هاتوچۆوە دەست بەسەر ماتۆڕەكەیدا دەگیرێت و رەوانەی گەراجی دەست بەسەرداگرتن دەكرێت.

هاتوچۆی سلێمانی لە ڕاگەیانراوەكەدا داواشی لەهاووڵاتیان كردووە، لەئەگەری هەبونی حاڵەتی لەو شێوەیە و رۆیشتنی ماتۆڕسكیل بەپێچەوانەی ئاراستەی شەقام، پەیوەندی بە ژمارە 188ی كۆنترۆڵی هاتوچۆی سلێمانییەوە بكەن بەمەبەستی ناردنی مەفرەزە و لێپێچینەوە لە شۆفێرانی سەرپێچیكار.