سەردێر

وەزیری تەندروستی هەرێم لەبارەی ئۆمیكرۆنەوە دەدوێت

خەڵك
تاوەكو ئێستا لە هەرێم هیچ حاڵەتێكی پشتڕاستكراوەی توشبوون بە ئۆمیكرۆن تۆمارنەكراوە، بەڵام ئەو گەشتیارانەی دەگەڕێنەوە دەبێت وەك گومانلێكراو مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.

لەو بارەیەوە سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاوەكو ئێستا هیچ حاڵەتێكی پشتڕاستكراوەی توشبوون بە ئۆمیكرۆن لە هەرێم تۆمار نەكراوە، بەڵام ئەو هاووڵاتییانەی لەو وڵاتانەی تێیدا تۆمار كراوە و دەگەڕێنەوە وەك گومان لێكراو سەیریان دەكرێت.

وتیشی، هەر حاڵەتێكی گومانالێكراو كە تۆمار دەكرێت چەند رێنماییەك هەیە كە بە گومان هەژمار بكرێت، بۆ پشتڕاستكردنەوەی حاڵەتەكان پێویستمان بە پێداویستی تاقیگەیی هەیە و تا ئێستا هەندێكیان دابینكراون و لە رۆژانی داهاتودا تەواوی پێداویستییەكان دابین دەكرێن، هەرحاڵەتێكیش كە هەبێت رایدەگەیەنین.

باسی لە ئەوەشكرد، پێدانی ڤاكسین كاریگەری زۆری هەبوو لەسەر كەمبونەوەی توشبوون و گیان لەدەستدان بەكۆرۆنا، لەسەرەتای ساڵی داهاتوەوە دەبێت لەسەرجەم فەرمانگە حكومیەكان وەرگرتنی ڤاكسین بكرێتە ناچاری، ئەوانەشی وەریناگرن دەبێت هەفتانە پشكنین بكەن و ئەنجامەكەی بۆ فەرمانگەكەیان ببەنەوە.