سەردێر

هەرێم.. ڤاكسین دەكرێت بە ناچاری

خەڵك
بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە لە سەرجەم فەرمانگە حكوومییەكان، وەرگرتنی ڤاكسین بكرێتە ناچاری، ئەوانەشی وەریناگرن، دەبێت هەفتانە پشكنین بكەن و ئەنجامەكەی بۆ فەرمانگەكەیان ببەنەوە.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێستا وەرگرتنی ڤاكسین و كوتانی هاووڵاتییان بەردەوامن، داوا لە هاووڵاتییان دەكەین كە لە پێناو سەلامەتی خۆیان و خێزان و كەسوكاریان خۆیان بكوتن.

 

وتیشی، هۆكاری كەمبوونەوەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ خۆكوتان بە ڤاكسین دەگەڕێتەوە و وتی، “لە ماوەی رابردوودا پێدانی ڤاكسین كاریگەریی زۆری هەبوو لەسەر كەمبوونەوەی تووشبوون و مردن بەكۆرۆنا”.

 

ئەوەشی وت، لە هەفتەی ئایندەوە بەوردی بڕیارەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا جێبەجێ دەكرێت، پێویستە هەمووان رۆڵی هۆشیاركردنەوە ببینن و پابەندبن.

 

وەزیری تەندروستی وتیشی، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەبێ لە سەرجەم فەرمانگە حكوومییەكان، وەرگرتنی ڤاكسین بكرێتە ناچاری، ئەوانەشی وەریناگرن، دەبێت هەفتانە پشكنین بكەن و ئەنجامەكەی بۆ فەرمانگەكەیان ببەنەوە.