سەردێر

دەستبەسەر زیاتر لە 75 تۆن پەتاتەدا گیرا

خەڵك-

قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، دەستبەسەر 75تۆن پەتاتەدا گیراوە، كە لە دەرەوەی شارەوە هاوردە كرابوو.

قائیمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەمڕۆ شەممە 25ی كانونی یەكەمی 2021، لەئەنجامی سەردان و بەدواداچوونە بەردەوامەكانی لیژنەهاوبەشەكان، لەلایەن لیژنەی عەلوەوەی قائیمقامیەتی سلێمانیەوە دەستبەسەر زیاتر لە 75تۆن پەتاتەی خراپدا گیراوە كە بەهۆی كەڕوكردنییەوە شیاوی خواردن نییە.

ئاشكراشیكرد، پەتاتەكە لە دەرەوەی شاری سلێمانیەوە هاوردەكراوە، بەڵام بەهۆی خراپ عەمباركردن و نەشیاوی شوێنەكەیەوە كەڕووی كردووە و بۆ خواردن ناشێت، هەروەها بەپێی ڕێنماییە ڤێتێرنەرییەكان هەرخواردەمەنییەكی خراپ بوو زیان بەمرۆڤ بگەیەنێت نابێت دەرخواردی ئاژەڵیش بدرێت.

ڕوونیشیكردووەتەوە، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی لەناوبردنی قائیمقامیەتی سلێمانیەوە تەواوی پەتاتە خراپبووەكە لەناو دەبرێت و خاوەنەكەشی ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەكرێتەوە.